
خوێنمژ و بکوژ، گەندەڵ و دز
عەلی بداغی
چەند ساڵ لەوەپێش خامنەیی لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی بابەتی گەندەڵیی بنیات و ناوەندە ئیداری و دامەزراوە ئەمنیەتی-نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کە لەسۆنگەی ململانێی لەگرێژەدەرچوونی قۆڵەکانی ڕێژیم لەدژی یەکتری لەهەڵڵا دەدران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی سەرووی ڕێژیمەکەی ڕایگەیاند کە گەندەڵی لە ئێران سیستماتیک نییە و هەر کەس وا دەڵێ بێجێی کردوە و دز و گەندەڵ بۆ خۆیەتی!
ئەو قسانەی خامنەیی کە پێ دەچوو پەیام و وریاکردنەوەیەکی حکوومەتی بۆ سەرپۆشدانان و دیزەبەدەرخۆنەکردنی پتر و باشتری گەندەڵییەکانی نێو ڕێژیم بێت، نەک هەر نەبووە هۆی پێشگرتن بە چەندپاتبوونەوە و ئاشکرابوونی لێشاوی گەندەڵییەکان، بەڵکوو تەنانەت لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە زۆر زووش وەدرۆ خرایەوە. پووشپەڕی پارەکە بوو غوڵامعەلی جەعفەرزادە، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیس لە وتووێژێکدا لەگەڵ "خبر آنلاین" بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە گەندڵی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سیستماتیک و حاشەهەڵنەگرە و بە کەس ناشاردرێتەوە. ئەو نەیشاردەوە کە گەندەڵییەکان لە ئێران بنەبڕ نابن، چونکی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی داگرتوە و ئەو بەرپرس و دەزگا بەرپرسیارانەش کە دەبێ دزەکان بگرن، خۆیان شادزن! هەر دوای ئەو قسانەی خامنەیی زۆر گەندەڵیی دیکەش تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەقاو دران، وەک گەندەڵیی ١٤٠ هەزار میلیارد تمەنیی چایی "دبش"، دزرانی ٦١ تۆن شمشی زێڕی بانکی ناوەندی و، هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دزیی ٢١ میلیۆن دۆلاری بازجووەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو خەڵکانەی بەهۆی چالاکیی سیاسی و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی گیراون.
لەودا کە گەندەڵیی سیستماتیک ناسنامەیەکی سەرەکیی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامییە شک نیە و جگە لە بابەتە ئاشکرابووەکان لە نێوخۆی وڵات، زۆر ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کە لە بواری شەفاففیەت و دەستپاکیی حوکمڕانییە سیاسییەکاندا کار دەکەن مانگانە و ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر ئێران بڵاو دەکەنەوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئاستی بەربڵاوی ئەو گەندەڵییانەیە کە لە لایەن ناوەند و بنیاتە سیاسی، ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ژێر دەسەڵاتی خودی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمدا دەکرێن و، هەروەها ئەژمار و بڕی گەندەڵییەکانە کە هەردەم ڕوو لە زیادبوونن؛ کە سپای پاسداران یەک لەوانە.
سپای پاسداران وەک باسکی سەرەکیی پاراستنی دەسەڵاتی خامنەیی لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەبری پاداشتدانەوەی قەڵتوبڕ و سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تەمەنی ڕێژیمی هەتا ئێستا درێژ کردوە؛ دەستی بۆ بەرینکردنەوەی ئێمپراتۆرییە زەبەلاحە ئابوورییەکەی بە تەواوی ئاوەڵا کراوە. بناغەی ئەم ئێمپڕاتۆرییەش ئەگەرچی پاوانکردنی زۆربەی سامانە سروشتییەکان و دەستبەسەرداگرتنی جومگە ئابوورییەکانی وڵات بووە، کەچی بەوەش نەوەستاوە و دزی و گەندەڵییشی نەبواردوە. دزی و گەندەڵیی سپای پاسداران لە پەروەندەی هۆڵدینگی یاس بە بڕی دەیان هەزار میلیارد تمەن کە بەهۆی سەردارەکانی سپای پاسداران بە پشتیوانیی موجتەبا خامنەیی و حوسێنی تائیب، سەرۆکی سازمانی ئیتلاعاتی سپا کرا، تەنیا یەک نموونە لەو دزی و گەندەڵییانەن کە لە سپای پاسداران لەقاو دراوە. ئێستا کە باسی ئەوە کرا با ئاماژە بە چەند گەندەڵییەکی دیکەی سپای پاسداران بکەین:
- گەندەڵی لە قەرارگای خاتەمولئەنبیا وەک زەبەلاحترین پەیمانکاری ئابووریی ئێران لە پڕۆژە گەورەکانی نەوت، گاز، پێترۆشمی و لێدانی ڕێگاوبان و بەنداو کە بەبێ هیچ ڕکەبەرییەک پاوانی سپای پاسدارانە و چەند قاتی تێچووەکانی لە بودجەی وڵات دەقاچێندرێ و تەنانەت بە نیوەچڵییش وازیان لێ دەهێندرێ.
- گەندەڵی لە "بنیاتی تەعاونی سپا" و قاچاغی هەموو کاڵایەک لە باری یاسایی وەک سیگار و کەلوپەلی ماڵەوە هەتا نایاسایی وەک چەکوچۆڵ و مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی بەندەر و فڕۆکەخانەکانەوە کە لە پاوانی سپای پاسداراندان.
- داگیرکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دەیان هەزار هێکتار زەوی و هەڵڵووشین و بەتاڵانبردنی هەزاران میلیارد تمەن سامان و دارایی خەڵک لە ڕێگەی مایەپووچ راگەیاندنی هەندێ دامەزراوەی سەر بە سپای پاسداران وەک "کاسپیەن"، "میزان" و "ثامنالحجج".
- تەنانەت گەندەڵییە میلیارد دۆلارییەکانی سپا لە پڕۆژە نیزامی-ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوە لە عێڕاق، یەمەن، لوبنان و سووریە کە چووەتە گیرفانی سەردارەکانی سپای پاسدرانەوە.
هەڵبەت جیا لە سپای پاسداران ناوەندە ئەمنییەتی و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیمیش وەک ئیتلاعات، ئەڕتەش و هێزە ئینتیزامییەکانیش ڕەنگبێ پشکی بە قەت سپای پاسدارانیان لە هەڵڵووشینی سامانی خەڵکی ئێرانیان پێ نەبڕابێ، بەڵام ئەوانیش لە چاکەی سەرکوتی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی گشتیی گەلانی ئێران و سەپاندنی کەشی پۆلیسی لە شوشەکردنی خوێنی خەڵک دەستیان بۆ هەرچەشنە ڕاوڕووت و گەندەڵییەک ئاوەڵا کراوە.
ڕاستە لە ئێستادا بڵاوکردنەوەی زانیاری و لەقاودانی گەندەڵییەکانی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ بردنەسەرێی ئاگایی و وشیاریی خەڵکی ئێران گرینگە، بەڵام بێگومان هەتا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسەڵاتدا بێت، تاوان و جینایەت، خوێنمژی و گەندەڵییەکانی ناوەندە ئەمنیەتی و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وەک باسکەکانی سەرکوتی خەڵک لە ئێران زیاتر دەبێت.