کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە وڵاتی نۆرویژ

17:00 - 10 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ی کوردی بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی نۆرویژ و نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، سیمینارێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، بە بەشداریی د. هێمن سەیدی بەڕێوەچوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان لەلایەن گەلاوێژ مێهفەرەوە دەستی پێ کرد.

بەڕێز مەلا عەلی ڕاپووشە بە نوێنەرایەتیی ئەندامانی کۆمیتەی گشتیی وڵات بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد.

دواتر بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە بە نوێنەرایەتی لەلایەن بنەماڵەی شەهیدان هاوڕێیان برایم لاجانی کوڕی شەهید، ئامینەی کۆنەلاجانی دایکی شەهید و سەعید باختە کوری شەهید، بەو بۆنەوە چەند مۆمیان داگیرساند.

هونەرمەند هێدی قادری بە هاوکاریی کۆڕی هونەری چەند سروودی پێشکەش کرد و دواتر داوا لە د.هێمن سەیدی کرا کە باسەکەیان پێشکەش بکەن.

لە سەرەتای باسەکەیدا د. هێمن سەیدی باسێکی کورتی لە سەر ١٠ی خاکەلێوە کرد و  هەڵسەنگاندنێکی بۆ خەباتی کورد کرد و ئاماژەی بە کەسایەتی و ڕۆڵی پێشەوای شەهید لە سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی و کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە لە سەردەمی کۆماردا کرد. 

بەشێکی دیکە لە سێمینارەکە وڵامدانەوە بە دوو پرسیاری گرینگ بووکە بۆچی کورد خەباتی چەکداری کرد و شەڕی سەر و ماڵی نەکرد؟ لەو بەشە لە باسەکەدا ئاماژەی بە مێژوو و ئەو توانا پرسەروەرییەی حیزبی دێموکرات کرد کە بە هەزاران پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیاندا گیانی پیرۆزیان پێشکەش کردووە، بەڵام خەبات بۆ ڕزگاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستاش هەر بەردەوامە. لە کاتێک‌دا زۆر نەتەوەی دیکە لە ئێران و لە جیهاندا هەن کە دوای دەستبەسەرکران و نەمانی ڕێبەرانیان، وازیان لە مافە نەتەوەییەکانیان هێناوە و تەنانەت نموونەی وا هەیە کە بوونەتە بەشێک لە دەسەڵات و پشتیان لە هەموو بەها نەتەوەییەکانیان کردووە و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ سەرکوتی هەستی

نەتەوەیی گەلانی دیکە بە کار هێندراون.

د. هێمن لە درێژەی باسەکەیدا کۆمەڵێک باسی دیکەی پێوەندیدار بە خەباتی سیاسیی نەتەوەی کورد و هۆکاری شەڕی چەکداری کرد کە نەتەوەی کورد بۆ مانەوە و بەرگری لە خۆی ناچار بووە دەست بۆ چەک ببات و  ئەوەش هۆکارێکە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی ٨٠ ساڵ خەباتە بۆ پاراستنی زمان، کلتوور و نیشتمانەکەمان لە دەست داگیرکەرانی کوردستان.  هەموو ساڵی لە یادی ١٠ی خاکەلێوەدا کە یادی یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان دەکەینەوە، دەبینین کە لاوان و منداڵانی شەهیدان بۆ درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەپۆشن و دوای بڕینی قۆناغەکانی تەشکیلاتی تەنانەت لە ئاستی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبەدا بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەمان تێدەکۆشن.

لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا ئامادەبووان سرنج و پرسیارەکانیان ئاراستەی کۆڕگێر کرد کە دواتر د. هێمن سەیدی وڵامی دانەوە.

لە بەشێكی دیکەی سێمینارەکەدا وێنەی شەهیدان لە ڕێگەی پرۆژێکتۆرە نمایش کرا.

لە کۆتایی‌دا لەلایەن هاوڕێیان قادر ڕەسووڵی و ئیدریس هەمزەییەوە ئەندامانی کۆمیتەی گشتییەوە، وەک ڕێزلێنان کتێب پێشکەش بە بەڕێزان د.هێمن سەیدی و هاوڕێیانی کۆری هونەری ئیسمەت گوندی، هێدی قادری و کەریم سروش کرا.