کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە هێلسینکی

10:50 - 11 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە، لەلایەن کۆمیتە ناوچەی هێلسینکی و بە بەشداریی دەیان کەس لە بنەماڵەی شەهیدان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هێلسینکی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە، بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیان پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتە ناوچەی هێلسینکی، لەلایەن ئاگری مەناف، کوڕی شەهید ڕەسووڵ مەنافەوە پێشکەش کرا.

ئاگری مەناف لە پەیامەکەیدا، وێڕای ئاماژە بە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێژیمی ڕووخاوی حەمەڕەزا شا، بە لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی، پێی وابوو دەتوانێ خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد بۆ هەمیشە سەرکوت بکا، بەڵام خەباتی ئەمڕۆی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەو ڕاستییەی دەرخست کە، ئەوەی کە بۆ هەمیشە لەلایەن نەتەوەکانی ئێرانەوە، خرایە ناو زبڵدانی مێژوو و کۆتایی بە تەمەنیان هات، بڕیاردەر و بکوژانی پێشەوا قازی محەممەد بوون و ئەوەش کە سەربەرزانە دەژی و هەروا لە مەیدانی خەبات بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەیدایە، نەتەوەی کورد و حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی بنەماڵەی شەهیدان، لەلایەن پەروانە حوسەینی، هاوسەری شەهید ڕەفعەت حوسەینییەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا، ئاماژە بە گرنگیی ڕۆژی شەهیدان و کاریگەربوونی خەباتی حیزبی دێموکرات کرابوو و ئاوڕ لە جێگە و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناو دڵی خەڵکی کوردستاندا درابووەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، بەڕێز لوقمان زەهرایی، چالاکی سیاسی و ئەندامی دێرینی حیزب، بەم بۆنەوە چەن وتەیەکی پێشکەش کرد.

بەڕێز زەهرایی، لە سەرەتای وتەکانیدا ئاماژەی بە وەسیەتی پێشەوا قازی محەممەد کرد کە وتوویەتی، ئەمن نەک هەر لە هیچ خزمەت و کردەوەیەک بەرانبەر نەتەوەکەم پەشیمان نیم، بەڵکوو بەرپرسایەتییەکەشی لە ئەستۆ دەگرم و شانازیشی پێوە دەکەم.

وێڕای ئاماژە بە وەسیەتی پێشەوا قازی محەممەد کە ڕوو لە داگیرکەرانی کوردستان وتوویە،تی ئەگەر ئێوە قازی محەممەدێک لە سێدارە بدەن، لە داهاتوودا سەدان قازی محەممەدی دیکە لە دایک دەبن، بەڕێز زەهرایی جەختی لەوە کردەوە کە پەیامی قازی محەممەد درووست وەکوو ئەوەی کە باسی کردبوو، چووەتە پێش و ڕێبازی پێشەوا هەروا پڕ ڕێبوارە.

ڕێوڕەسمی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە هێلسینکی، بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.