کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان

20:21 - 11 خاکەلێوه 2725

کورد و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان

بێهزاد قادری

نەورۆزی ئەمساڵ، یەکێک لە جیاوازترین و تایبەتترین نەورۆزەکانی مێژووی کورد و کوردستان بوو. ئەوە زیاتر لە مانگێکە لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێوڕەسمی نەورۆزی بە شێوەیەکی پڕشکۆ و کوردانە بەڕێوە دەچێت. گۆڕەپانەکانی کردنەوەی ئاگری نەورۆز، بوونە بە گۆڕەپانی ناسنامەخوازی و شەڕی هێمای کوردستانییان دژ بە داگیرکەر و داگیرکاری. خەڵک بە ڕەنگی خاک، لەسەر کوردستانیبوونی ئەم ئاو و خاکە جەخت دەکەنەوە و دروشمی "ژینی ژێردەستیم ناوێ، دەوڵەتی کوردیم دەوێ" دەڵێنەوە. لە ئیلام و کرماشانەوە خاوەندارێتیی خۆیان بۆ ورمێی دڵی کوردستان ڕادەگەیەنن و لە ماکۆ و سەڵماسەوە پەیامی "سمکۆی شکاک" دەگەیەننە باشووریترین خاڵی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

بەپێچەوانەی نەریتی ساڵانی ڕابردوو کە تەنیا لە دوایین ڕۆژی زستان و ڕەشەمە ئاگری نەورۆز دەکرایەوە، دوای شۆڕشی ژینا و ئەوە دوو ساڵە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان مانگێک درێژەیان کێشاوە و وا پێشبینی دەکرێت کە لە ساڵانی داهاتووشدا هەر بەم شێوەیە بێت. بەڵام لێرەدا نابێ خاڵێکی زۆر گرنگمان لەبیر بچێت، ئەویش بوونی دوو ڕێکەوتی تاڵ و ناخۆشە لە مێژووی گەلەکەماندا کە ڕێک دەکەونە نێو ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێکیان  ١٦ی مارس (٢٥ی ڕەشەمە) ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەویتریان ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیەتی لەلایەن ڕێژیمی ڕووخاوی پەهلەوییەوە.

ئێمەی کورد نەتەوەیەکی شادین و فەرهەنگ و کولتوورمان وەک سروشتەکەمان ڕەنگاوڕەنگە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر شێوەکانی هەڵپەڕکێ لەنێو کورددا داناوە، واتە هەڵپەڕکێی ئێمە تەنیا بۆ دەربڕینی شادی و خۆشی نیە، بەڵکوو هەڵپەڕکێی تایبەت بە ڕەزم و شینگێڕانیشمان هەیە. کاتی خۆی و بە درێژاییی مێژوو، کاتێک ئەژدادەکانمان لە شەڕدا دوژمنانیان شکست دەدا، هەڵدەپەڕین، هەڵپەڕکێیەکی تایبەت بە ڕەزم. هەروەها لە کاتی شینگێڕانیشدا هەڵپەڕکێی تایبەتی خۆمان هەبووە، کە ڕەنگە ئێستا تەنیا لە هەندێک ناوچەدا وەک نەریت مابێتەوە. بەڵام بەگشتی فەرهەنگی کوردی دوور بووە لە فەرهەنگی شینگێڕانی بەردەوام و ڕێوڕەسمگەلێکی هاوشێوەی شینگێڕانی نەتەوەکانی دەوروبەرمان. ئێمە نەتەوەیەک بووین کە هەمیشە ئەخلاق و ڕێزگرتنمان لەبەرچاو بووە و باوەڕمان وا بووە هەر شتێک لە کات و ساتی خۆیدا جێی بایەخە. بۆ نموونە گوندەکانی کوردستان بگرینە بەرچاو؛ ماڵی وا بوو زەماوەندیان لەڕێ بووە، بەڵام چونکە جیرانەکەیان یان هاوگوندییەکەیان پرسەیان هەبووە، لەبەر ڕێزی ئەو بنەماڵەیە و لەبەر ئەخلاق و جوانمێریی کوردانە، زەماوەندەکەیان وەدوا خستوە و دواتر لەسەر داوا و ئیزنی خاوەن پرسەکە ئاهەنگی خۆیان گێڕاوە.

بەڵام نەورۆز لە هەموو ئەم بابەتانە جیاوازترە. نەورۆز جێژنێکی نەتەوەیی و کۆن و مێژووییی کورد و کوردستانە و هێمای نوێبوونەوە و ناسنامەی ئێمەیە. کورد لە ناخۆشترین کاتەکانی مێژوودا، هەر ئاگری نەورۆزی کردووەتەوە تاکوو بیسەلمێنێت ئەم گەلە قەت چۆک دانادات و هەتا کوردێک مابێت، نەتەنیا کوردستان دەمێنێت، بەڵکوو ئاگری نەورۆزی کوردەواریش هەر دەکاتەوە. وەک چۆن نەورۆز جیاوازە، ڕۆژانێکی وەک ١٦ی مارس و ١٠ی خاکەلێوەش جیاوازن، چونکە ڕۆژانێکی تاڵن لە مێژوو و بیرەوەریی مێژووییی کورددا و نابێ لەبەر نەورۆز لەبیر بکرێن یان نەورۆزیش لەبەر ئەوان لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام ئەوەش ڕێگەچارەی خۆی هەیە.

بۆ نموونە کاتێک لە ١٦ی مارسدا لە باشووری نیشتمانمان یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەکرێتەوە، نە جوانە و نە لەگەڵ ئەخلاقی کوردانەی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی دەگونجێت کە بۆ پێشوازی لە نەورۆز هەڵپەڕین و شادی بگێڕین. هەروەها بڕیار نییە شینیش بگێڕین. ئێمەش وەک خەڵکی باشوور خاوەن شەهیدانی هەڵەبجەین (نەتەنیا خاوەنی شەهیدانی هەڵەبجەین، بەڵکوو خاوەنی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستانین) کەوایە باشتر وایە یان ڕێوڕەسمی نەورۆزی بەڕێوە نەبەین یان کە بەڕێوەمان برد، هەڵنەپەڕین و تەنها ئاگری نەورۆز بکەینەوە و لەجێی گۆرانیی شاد، سروودی نیشتمانی بڵێینەوە و بە هەڵکردنی مۆم و هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی هەڵەبجە، یاد و ناویان بەرز ڕابگرین و پەیامی یەکیەتیی و هاوخەمی و هاوخوێنیی خۆمان بگەیەنینە خوشک و براکانمان لە باشووری کوردستان. ئەمەش بۆ خۆی پەیامێکە بۆ داگیرکەران کە سنوورە دەستکردەکانیان قەت ناتوانێت ئێمە لێک دابڕێت.

١٠ی خاکەلێوەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە. ئەم ڕۆژە ساڵیادی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیەتی (سەیفی قازی و سەدری قازی) لەلایەن ڕێژیمی ڕووخاوی پەهلەوییەوە. ڕۆژ نییە لە ڕۆژژمێری کوردستاندا کە ئێمە تێیدا شەهیدمان نەدابێت، بەڵام ئەم ڕۆژە جیاوازترە لە ڕۆژەکانی تر، ئەوەش چەند هۆکاری هەیە. یەکەم ئەوەیکە پێشەوا قازی محەممەد کەسایەتییەکی حیزبی یان ناوچەیی نییە، بەڵکوو سەرتر لە هەر چوارچێوەیەکی حیزبی و فیکری و ئیدئۆلۆژییەکە. پێشەوا کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیییە، دامەزرێنەری یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی و یەکەم سەرۆککۆماری کوردستانە و ئێستاش بە سەدان هەزار کەس لەسەر ڕێبازی ئەو بە شێوازی جۆراوجۆر چالاکی و خەبات دەکەن. دووەم ئەوەیکە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوە، وەک چۆن لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ڕۆژێک بۆ کوژراوانی وڵاتەکانیان دیاری کراوە و لەو ڕۆژەدا بە شێوازی جۆراوجۆر یاد و ناویان بەرز ڕادەگرن، ئێمەش لەم ڕۆژەدا یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان بەرز ڕادەگرین و پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە.

ئەمساڵ، وێڕای بەردەوامیی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان، بەڵام خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا هیچ ڕێورەسمێکی نەورۆزییان بەڕێوە نەبرد. ئەمەش ئاستی بەرزی وشیاریی نەتەوەییی خەڵکەکەمان پیشان دەدات. خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد و گوڵی سووریان -کە هێمای شەهیدانی کوردستانە- پێشکەش کردن. خەڵکی نیشتمانپەروەر سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانیان کرد و دەستەگوڵی ڕێز و وەفایان پێشکەش کردن و بەڵێنیان پێ دان تاکوو گەیشتن بە ئاواتە بەرزەکانی نەتەوەکەمان، درێژەدەری ڕێگە و ڕێبازی شەهیدان بن. هەروەها تێکۆشەران بۆ یادکردنەوەی کۆماری کوردستان، لە دەیان شار و گوند ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد. کوردستانیان نە شایییان کرد و نە شینیان گێڕا، سەلماندیانەوە کە وەک چۆن خاوەنی ئاگری دوژمنبەزێنی نەورۆزن، بە هەمان شێوە خاوەنی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستانن و ناکەونە هیچ داو و پیلانێکی داگیرکەران بۆ بێڕێزیکردن بە شەهیدانی خۆیان.