
١٧ ڕێکخراوی مافی مرۆیی له دووتوێی نامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵادا بۆ ده‌وڵه‌تی ئاڵمان، ناوه‌نده مافی مرۆییه‌کانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و پارلەمانی ئورووپا نووسیویانه: "مه‌ترسیی له‌سێداره‌دانی په‌خشان عه‌زیزی و وریشه مورادی دوو چالاکی مه‌ده‌نی له‌ئارادایه".
به‌پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هه‌نگاو"، ئه‌و ١٧ ڕێکخراوه داوایان له ده‌وڵه‌تی ئاڵمان، پارلەمانی ئورووپا و ناوه‌ندە مافی مرۆییه‌کان کردووه که بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئه‌و دوو به‌ندکراوه سیاسییه هه‌وڵ بده‌ن.
له‌و نامه‌یه‌دا که ڕۆژی دووشه‌ممه ١٣ی ڕه‌شه‌مه بڵاو کرایه‌وه، باس له‌وه کراوه که تاوانی وه‌پاڵدراوی په‌خشان و وریشه "خه‌بات بۆ دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤه" و سزای له‌سێداره‌دانیان نه ته‌نیا به ئامانجگرتنی ژیانی ئه‌وانه، به‌ڵکوو ده‌ستدرێژیی بێوینه‌یه بۆ سه‌ر مافی بنه‌ڕه‌تیی ژنان، که‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و چالاکان له هه‌موو جیهاندا.
واژۆکه‌رانی ئه‌و نامه‌یه ئاماژه‌یان به‌وه کردووه که په‌خشان وەک یاریده‌ده‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریه چالاک بووه و پشتیوانیی له ژنان و کچانی هه‌ڵاتووی ده‌ستی داعش کردووه و هه‌روه‌ها وریشه‌یش له کۆبانێ له دژی داعش شه‌ڕی کردووه و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئاسایشی ئێمه‌ی له ئورووپا دابین کردووه.
له‌و نامه‌یه‌دا جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه کراوه‌ته‌وه کە په‌خشان و وریشه به نوێنه‌رایه‌تی له زۆرێک له ژنان و پیاوانی بوێری ئێران بۆ ئازادی و دادپه‌روه‌ری به‌رخۆدان ده‌که‌ن و له‌و ڕێگایه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌شکه‌نجه و ئازارێکی زۆربه‌ره‌وڕوون.