کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی لانیکەم ١٢٥ کەس لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لە ئێران

11:27 - 14 رەشەمه 2724

بەپێی ئاماری بڵاوکراو لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ١٢٥ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

لە ڕاپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە کە ئەم ئامارە بەنیسبەت مانگی فێورییەی ساڵی ڕابردووی زایینی ١٢.٥٪ زیادی کردووە.

ئامارەکە ڕوونی دەکاتەوە کە لەم مانگەدا لانیکەم ٤٦ هاووڵاتیی کورد، ١٠ چالاکی ژن، ٤ منداڵ و ٢٧ هاووڵاتیی بەلووچ، دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە پارێزگای بەلووچستان بە ٢٦ کەس و پاشان پارێزگاکانی ورمێ و سنە هەر یەک بە ٢٣ و ١٩ کەس، زیاترین دەسبەسەرکراوانی مانگی ڕابردووی زایینیان هەبووە.

هەنگاو زیادی کردووە کە گوشارەکان بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان هەر وەک ڕابردوو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام بووە و لە فێورییەشدا ٤ چالاکی بەهایی، ٣ چالاکی مەسیحی و ٢ چالاکی سوننە مەزهەب، دەسبەسەر کراون.

ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا ئاماری خوێندکاران و چالاکانی بواری میدیای لەم مانگەدا بڵاو کردووەتەوە کە بەپێی ئەم ئامارە، لانیکەم ٤ خوێندکار کە کەسێکیان خەڵکی شاری مەهابادن و مامۆستایەک و هەروەها دوو ڕۆژنامەوان و وێنەگرێکی خەڵکی سنە، لە نێو دەسبەسەرکراوانی ئەم مانگەدان.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتە بەر کە شوناسیان بۆ ئەم ڕێکخراوە و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی دیکە دیاری کراوە، ناوی سێ هونەرمەند و نووسەری دیکەشی بە ئامارەکەی زیاد کردووە.

بەم پێیە ئەم ئامارە تەنیا ئەم ١٢٥ کەس کە شوناسیان ئاشکرا بووە دەگرێتە بەر و وێدەچێت ئاماری ڕاستەقینە وەک هەمووکاتێکی دیکە زۆر زیاتر لەم ڕێژەیە بێت.

کۆماری ئیسلامی هەر وەک ڕابردوو هەر کات بەرەوڕووی قەیرانەکان دەبێتەوە، گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی زۆر دەکات تاکوو بەم شێوەیە هێز و دەسەڵاتی خۆی بۆ سەر خەڵکی ناڕازی، نیشان بدات.