کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنجا و هەشتەمین حەفتەی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان بە بەشداریی ٣٨ بەندیخانە لە ئێران بەڕێوە چوو

10:58 - 15 رەشەمه 2724

ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە، کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" پەنجا و هەشتەمین حەفتەی مانگرتنی خۆی هاوکات لەگەڵ پێوەستبوونی بەندیخانەی میاندواو بە کەمپەینەکە، بەڕێوە برد.

هەر وەک ڕابردوو کەمپەینەکە لەم ڕۆژەدا بەیاننامەیەکی دەرکردووە کە تێیدا هاتووە "ڕێژێمی دیکتاتۆری ئێران تەنیا بە تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە مانگی ڕەشەمە، ٨٥ کەسی لە سێدارە داوە کە لانیکەم ٥٣ کەسیان حەفتەی ڕابردوو لە سێدارە دراون".

بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم ٥٣ کەسە ٢٤ کەسیان هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوونە زیادی کردووە کە ئەم لەسێدارەدانانە بەتایبەتی لە بەرەبەری نەورۆزدا دەرخەری ئەوەیە کە ئەم حکوومەتە کۆنەپەرستە تەنیا لە هەوڵی دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگەدایە و لە ڕێگەی سەرکوت، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانەوە دەیهەوێت تەمەنی ڕوو لە تەواوبوونی خۆی درێژ بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی میاندواو لە پاریزگای ورمێ پێوەستبوونی خۆیان لەگەڵ سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان دەربڕیوە و ڕۆژی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ ٣٧ بەندیخانەی دیکەی ئێران، مانگرتنەکەیان بەڕێوە بردووە.

کەمپەیەنەکە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دیسانەوە داوای لە هەموو ویژدانە نەنوستووەکانی جیهان کردووە تاکوو هەوڵی جیددیتر و بەپەلەتری خۆیان بۆ ڕاگرتنی ماشینی کوشتاری کۆماری ئیسلامی بخەنە گەڕ.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەادان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی ناڕەزایەتی بەرامبەر سێدارەکانی ڕێژیم، دروست بوو.

سێشەممەکانی هەموو حەفتەیەک هەزاران بەندکراو لە دەیان بەندیخانەی ڕێژیم لەم ڕۆژانەدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە لەسێدارە دانەکان، مان لە خواردن دەگرن.