
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ١٥ هاووڵاتیی ئەفغانستانیی لە سێدارە داوە.
بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، ئەم هاووڵاتییە ئەفغانستانییانە لە زیندانەکانی قەزڵحەسار لە شاری کەرەج، زیندانی ناوەندیی بەندەر عەباس، زیندانی ناوەندیی گورگان، زیندانی ناوەندیی ئێسفەهان و زیندانی ناوەندیی بۆروجێرد لە سێدارە دراون.
لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی دەسەڵاتداری تاڵیبان لە ئەفغانستان، لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لە ئێران زیادی کردووە.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و زیاتر لە ٨٠ ئەفغانستانی لەو وڵاتە لە سێدارە دراون.
ئەم لەسێدارەدانانە لە کاتێکدایە کە پێشتر تاڵیبان لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، بڕیارە ئەو سزادراوانەی ئەفغانستان لەسێدارە نەدەن و بیانگوازنەوە بۆ زیندانەکانی تاڵیبان، بەڵام پێدەچێت ئێران پابەندی ئەم ڕێککەوتنە نەبێت.
زیا ئەحمەد تەکل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە ٢٠٠ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لە ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە تاڵیبان لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو سزادراوانە جێبەجێ نەکرێت بەڵکوو ڕادەستی ئەفغانستان بکرێنەوە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.