کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووڕێیانێکی سەخت و هەڵبژاردنێکی قورس

14:03 - 15 رەشەمه 2724

دووڕێیانێکی سەخت و هەڵبژاردنێکی قورس

عەلی بداغی

لە کۆبوونەوەی هەڵپێچان (استیضاح)ی عەبدولناسر هیممەتی، وەزیری ئابووریی دەوڵەتی پزشکیان لە مەجلیسی ڕێژیمدا کە دواجار بە وەرگرتنەوەی دەنگی متمانەی مەجلیس وەلانرانی ئەوی لە کابینەی پزشکیان لێ کەوتەوە، ناکۆکییەکانی نێوان خامنەیی و سەرکۆماری ڕێژیم لەسەر پرسی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و هەروەها دۆخی هەرە شپڕێوی ئابووریی ئێران لە زمانی خۆی و وەزیری لەکارلادراوی ئابووریی ڕێژیمەوە دەرکەوت.

پزشکیان لە وتارە کورتە بەناو بەرگریییەکەیدا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی قسە لە قسەی خامنەییدا ناکاتەوە و لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکەن، دوا بزماری لە تابووتی دەوڵەتی خۆی دا. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دەمودەست زەریف، بریکاری سەرکۆمار بۆ پرسە ستراتیژییەکان کە لە ڕاستیدا ئەرکە سەرەکییەکەی ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بوو، کشانەوە و وازهێنانی لە کابینە ڕابگەیەنێت. هیممەتی، وەزیری ئابووریی لەکارلادراوی ڕێژیمیش نەیشاردەوە کە قەیرانی ئابووریی ئێران کارەساتبارتر لەوەیە کە بەرپرسان لێرەولەوێ باسی دەکەن. ئەو گوتی نایهەوێ بە درکاندنی هەندێ نهێنی دڵی نەیارانی ڕێژیم شاد بکات، بەڵام لە قسەکانیدا بۆی نەشاردرایەوە کە ئابووریی ئێران ئاداری بەسەر پاداریەوە نەماوە. هیمەتی ئەوەشی گوت کە لە ساڵدا ٣٠ میلیارد دۆلار، و بە بری سەرجەم داهاتی نەوتی وڵات لە بەندەر و ئیسکەلەکانەوە کاڵا بە قاچاغ دەبرێت کە مەبەستی دەوری هێزە چەکدارەکان، بەتایبەت سپای پاسداران لە خوڵقاندن و بەردەوامیی ئەو قەیرانەیە.

لەو کۆبوونەوەیەدا پزشکیانیش نەیشاردەوە کە داخستنی دەرگای وتووێژ زیاتر دەرگای شەڕ و سزای ئابووریی قورستر بۆ ئێران دەخاتە سەر پشت، فرۆشی یاسایی نەوت خەریکە چۆڕەی لێ دەبڕێ، پارەی نەوت و گازی فرۆشتراوی ئێران لەلایەن وڵاتانی کڕیارەوە گل دراوەتەوە و نایەتەوە نێو خەزێنە و لەو سۆنگەیەوە قەیرانە ئابوورییەکان لە نێوخۆ هەتا دێن زۆرتر و قووڵتر دەبن؛ بەڵام مادام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وای پێ باشە، دەوڵەتیش چیدی لە دووی نادا و تەواو...! پرسیار ئەوەیە لە وەها دۆخێکدا پێداگریی خامنەیی لە سەر سیاسەتی "نا بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا" چ ئامانجێکی لە پشتە و دواجار ئەو پێداگری و چەق‌وەستانە چیی بەدوودا دێت؟

خامنەیی کە لە بنەڕەت ڕا شەرعییەتی ئایدۆلۆژیکی نیزامە سیاسییەکەی بە دژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا دەبەستێتەوە، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بەتایبەت ئەمریکای تڕامپ دەبێتە هۆی لاوازیی ئاڕمانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبازی نەگۆڕی دژی ئەمریکایی بوونی کۆماری ئیسلامی، بۆیە لە بری ئەوەی ئیمتیاز بە ئەمریکا بدا و ئیمتیاز وەربگرێ، خۆی گوتەنی "خۆڕاگری"یەکە لە سازانەکە بۆ ئەو بەبایەخترە. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سەدان میلیارد دۆلار سامانی ئێران لەپێناو پاراستنی کۆماری ئیسلامیدا بۆ دروستکردن و شەڕپێکردنی میلیشیا و گرووپە نیابەتییەکان خەرج بکرێ، سیاسەتێک کە لە بنەڕەتدا هەڵە بوو، و مایەپووچیی ڕێژیمی لێ کەوتەوە. هەروەها خامنەیی پێویستیی بە دوژمن و نەیارێکی هەمیشەیی هەیە بۆ ئەوەی تاوانی هەموو قەیرانەکانی ئێران بخاتە ئەستۆی خراپەکاریی ئەو بەناو دوژمنە! هاوکات لایەنێکی دیکەی گرتنەبەری ئەو سیاسەتە دابینبوونی بەرژەوەندییەکانی کارتێلی ئابووریی سپای پاسدارانە کە لە دۆخەدا باشتر دەتوانێ لە ڕێگای فرۆشتنی بە قاچاغی نەوت و مۆنۆپۆل‌کردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵاتە پەرە بە هێز و دەسەڵات و هەژەمۆنیی خۆی لە وڵاتدا بدات.

ئێستاش وەنەبێ پزشکیان نەزانێ یان تەنانەت بیشارێتەوە کە دەرەنجامەکانی ملنەدان بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پتر لەوەی ئاماژەشی پێ دا، چ دەبێت؟ زۆرتر و قوورستربوونی سزا نێودەوڵەتییەکان و قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووری وەک دابەزینی زیاتری بایی تمەن و لەو سۆنگەیەوە هەڵاوسیانی زیاتری ئابووری، لەکەمیدانی وەبەرهێنانی دەرەکی، دروستبوونی دەیان کۆسپ لە بەردەم بازرگانیی دەرەکی و کەوتنە تەنگانە بۆ دابینکردنی دەرمان و کاڵا و شمەکی ژیانەکی و بەو پێیەش قووڵتربوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتی و بژێوییەکانی خەڵک یەکەمین لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتەن. بەستراوەیی پتری ئێران بە چین و ڕووسیە، تەریک‌کەوتنەوە و لاوازبوونی زیاتر لە هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناسەقامگیریی ئەمنییەتی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی شەڕ و هەروەها کڵپەسەندنی بزووتنەوە ئێعترازییەکانی نێوخۆی وڵات بەشێکی دیکە لە لێکەوتەکانی خۆبواردنی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکان.

بەڵام کەلکێکی دیکەی ئەم ڕەوشە و بۆڵدکردنەوەی مەترسی و هەڕەشەی شەڕ بۆ کۆماری ئیسلامی، قۆستنەوەی گرژی و ئاڵۆزییە دەرەکییەکان بۆ مودیرییەتی قەیرانە نێوخۆییەکانە. دەزگای پڕوپاگەندا و هەروەها ناوەندەکانی سەرکوت لە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی سەرنجی بیروڕای گشتی لەسەر قەیرانە نێوخۆییەکان بە قوتکردنەوەی هەڕەشەی دەرەکی بەستێنی گونجاو بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان ئامادە دەکەن. هەروەها لە دوکترینی کۆماری ئیسلامیدا شەڕ و مەترسییەکانی فاکتەرێکی گرینگ بۆ یەکخستنی هێزە خۆییەکان و تۆکمەکردنی لایەنەکانی سەر بە نیزامی سیاسیی وڵات سەیر دەکرێ. لەلایەکی دیکەشەوە خامنەیی و ناوکی دەسەڵات کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئەزموونی ئەوەیان بووە بە کەلک‌وەرگرتن لە پێک‌دژیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ زلهێزەکانی دیکە، لۆبیکردنی ڕاستەوخۆ، هەڕەشە و چەنەلێدان و ئیمتیازدان بە وڵاتان تەنانەت بە ئەمریکاش دەسەڵاتەکەیان هەتا ئێستاش لە پێچ و گەوە پڕ مەترسییەکان ڕزگار بکەن، بتوانن لەو چوار ساڵەی دەسەڵاتی تڕامپدا هەر ئەو ستراتیژییە بگرنە بەر. ڕیسکی ئەو ستراتیژییەش بەپێی سیاسەتەکانی ئەم کابینەیەی تڕامپ ئەگەرچی لە سەرێیە و تەنانەت مەترسیی بەریەککەوینی نیزامی و هێرشی سەربازیی ئامانجدار بۆ سەر ئێرانیشی لێ دەکرێ، بەڵام لە ڕوانگەی خامنەییەوە شەڕ و هێرشی نیزامیی ئەوتۆ مەرج نییە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی لێ بکەوێتەوە، بگرە بە زەبری سەرکوتی نێوخۆیی بتوانێ یارمەتیدەری مانەوەی پتریشی بێت؛ بەڵام کارناسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆچوونی تەواو پێچەوانەیان هەیە.

لە ئێستادا دەرفەتە دیپلۆماتیکەکان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکە تەواو دەبن و کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا دوو ڕێگای لەبەرە: ملدان و بەچۆکداهاتن لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕۆژئاوا کە پێی وایە تەنانەت ئەمەش دادی نادات، یان پێداگری لەسەر سیاسەتی هەمیشەیی و هەتا ئێستای کە سێبەری شەڕ و داهاتووی نادیار پتر دەخاتە سەر کۆمەڵگەی ئێران و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.