کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانییەکان لەمەڕ پێشێلکردنی مافی ژنان لە ئێران؛ ڕاپۆرتی مانگی فێوریەی ٢٠٢٥

10:37 - 16 رەشەمه 2724

ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو" سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان لە ئێران لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٥، نیشاندەری ڕەوتی ڕوو بە گەشە لە دەسبەسەرکردن، دەرکردنی سزای بەندکران و لەسێدارەدان و هەروەها بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی ژنکوژییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٥دا، لانیکەم سزای لەسێدارەدانی سێ ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە هەر سێ کەسەکەیان پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە لەسێدارەدران سزا درابوون.

لەم مانگەدا لانیکەم ١٠ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە ئەم ژمارەیە ٨ لەسەدی هەموو دەسبەسەرکرانەکانی مانگی فێوریە پێکدێنێت.

هەروەها سێ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکاندا سەرجەم بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو سزا دراون و شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریی تورکیش بە لەسێدارەدران سزا دراوە.

لە ماوەی ئەم مانگەدا، لانیکەم ١٦ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە هەمووی ئەم کوشتنانە لەلایەن کەسانی نزیکی ئەم ژنانەوە ڕوویان داوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٠ ژن بەدەستی هاوسەرەکانیان، دوو ژن بە دەستی باوکیان، ژنێک بەدەستی براکەی، ژنێک بەدەستی زاواکەی، ژنێک بە دەستی هاوسەر و خوشکی هاوسەرەکەی و ژنێکیش لەلایەن هاوکارێکی خۆیەوە کوژراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٣ حاڵەتی ئەم کوشتنانە هۆکارەکەی کێشەی بنەماڵەیی بووە و سێ حاڵەتیش بە پاساوی "نامووس"، "داواکاری بۆ جیابوونەوە" و "دزیکردن" ڕوویان داوە.