کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی‌ مێهرپەروەر: ڕەزامەندیی خەڵک لە کۆماری کوردستان گەورەترین دەسکەوتی کۆمار بوو

13:37 - 16 رەشەمه 2724

عەلی‌ مێهرپەروەر: ڕەزامەندیی خەڵک لە کۆماری کوردستان گەورەترین دەسکەوتی کۆمار بوو

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ٢ی ڕێبەندان یەکێک لە گرینگترین ڕۆژە مێژووییەکانی کوردستانە، چونکە لەم ڕۆژەدا یەکەمین دەوڵەتی مۆدێڕنی کوردی لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد، پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد دامەزرا و بوو بە ڕێچکەیەک بۆ نەوەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان تا لەو ڕێگەیەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانمان بدەین. لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەڕێز عەلی مێهرپەروەر، تێکۆشەر و سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات کە بەبۆنەی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان کردبوومان و هەتا ئێستا دەرفەتی بڵاوکردنەوەیمان نەبووە، بەڕێزیان تیشکی خستووەتە سەر زۆر ڕەهەندی گرینگ و بەبایەخی کۆمار کە لەم ژمارەیەی "کوردستان"دا بڵاو دەبێتەوە:

کاک باباعەلی بۆچی ٢ی ڕێبەندان بە یەکێک لە مەزنترین ڕووداوەکانی مێژوویی نەتەوەی کورد دادەنرێ؟

کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدرێژایی میژووی خۆی لەلایەن ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران سەرکوت کراوە و هەموو سیاسەتێکی بۆ بە ژێردەستە هێشتنەوەی گیراوەتە بەر، لەوانەیە لە شێوەی سەرکوتکردنەکەدا جیاوازی هەبوو بێ، بەڵام لە یەک بابەتدا هەموو ڕێژیمەکان یەکڕا و یەکدەنگ بوون، ئەویش ئەوەیە کە لە ئێران مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد لە ئارادا نیە، ئەوەی کە هەیە سەرهەڵدان و یاخی بوونە دژ بە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی و دەبێ ئەو بزووتنەوانە و ئەو گەلە هەر چۆنێک بێ سەرکوت و ملکەچ بکرێ و لەژێر ڕکێفی ڕێژیم نەچیتە دەر. بێگومان بە بوون و بەردەوامی وەها سیاسەتێک دژ بەو گەلە، لە بەرانبەریشدا هەستی خۆڕاگری، ڕزگاریخوازی، هەستانەوە و... لەنێو ئەو گەلەدا سەرهەڵ دەدا و پەرە دەستێنێ و هەر دەشمێنێ. وەک دەزانین بەپێی هەلومەرجی هەر پارچەیەک لەو کوردستانە ئەو هەستانە ڕەنگی کردەییشیان بە خۆوە گرتووە، بۆیە لە سەدەکانی ڕابردووە تا ئێستا هەر جارێک لەلایەن سەرۆک عەشیرەیەک یان کەسایەتییەکی ئایینی یا نیشتمانی بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕاپەڕینێک دژ بە دەسەڵاتدارانی نەیارو دوژمنی کورد سەری هەڵداوە. هەر جارەش وەک باسمان کرد نە هەوڵی چارەسەری کێشەی کورد هاتبێتە گۆڕ بەڵکوو دەستوبرد سەرکوت و لەنێوبردنی بزووتنەوەکان لەلایەن ڕێژیمەکانەوە دەستی پێ کردوە و بەداخەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بووە سەرکەوتوو بوون و ڕاپەڕینەکانیان سەرکوت و دامرکاندوە. پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان تایبەتمەندی و خەسڵەتی ڕاپەڕینەکان،"تاک تەوەر" بوون کە بە گیران یا شەهیدکرانی ڕێبەر، جووڵانەوەکەیش پووکاوەتەوە. بەڵام جیاوازیی کۆماری کوردستان لەوە دابووە کە حیزبێکی سیاسی بە بەرنامە و پێڕەوێکی بەپێی سەردەم پێشکەوتوو حکوومەتێکی خۆجێی بە ناوی کۆماری کوردستان پێک‌هێناوە. خاوەنی دامەزراوە و نەهادی تایبەت بە حکوومەت بووە (دەرحق بە زمان) خەڵک لەو حکوومەتەدا هەستی بە ئازادی خۆی کردوە، دێموکراسی پێڕەو کراوە، ئاسەوارێک لە گەندڵی و فەساد نەبینراوە، کەم‌ئەزموونی و هەڵە بووە بەڵام تا ئەو ڕادەیە کە مۆمکین بووە خزمەتی خەڵکی کراوە، ژنان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو کات ئازادیەکی ڕێژەیان هەبووە، زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووژانەوەی بە خۆوە بینیوە و ئەمنییەت و ئاسایش تا ڕادەیەکی باش لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کۆماردا هەبووە، بەگشتی ئەزموونی کۆماری کوردستان لە تەمەنی کورتی ١١ مانگیی خۆیدا سەرکەوتوو بووە، ئەوەش گرینگیی ئەم کۆمارە و پێگەکەی دەردەخات.

ئەگەر ئێستا چاو لە مێژووی کۆماری کوردستان دەکەین، دەسکەوتەکانی کۆمار لە سەر بەرەوپێشبردنی بزاڤی کورد لە چیدا دەردەکەوێ؟

دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لە جۆری خۆیدا بەرچاون، ئەو دەسکەوتانە دەبێ بەپێی پێوەری ئەو سەردەمە کە لە هەلومەرجێکی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بووە هەڵبسەنگێندرێ کە بایەخەکەی پتر دەر دەکەوێ، بۆ نموونە: بوونی ئازادییەکی سیاسی ئەوتۆ کە هیچ کەسێک لەو ماوەدا بە تاوانی سیاسی بەند نەکراوە. یا بە وتەیەکی دیکە لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌دا هیچ زیندانییەکی سیاسی نەبووە، ئەوە نیشانەیەکی باشە لە سیستمی بەڕێوەبەریی کۆماری کوردستان. ژنان ڕێکخراوی خۆیان هەبووە، لە ئاستێکی گونجاودا خزمەت بە زمانی کوردی و ئەدەبیاتی کوردی کراوە، شێعر و شاعیری و هونەر بەگشتی لە برەودا بووە، ئاسایش و ئەمنییەت بە ڕادەیەکی باش هەبووە، گەندڵی و فەسادی ئیداری نەبینراوە یا نەبووە. دیارە ئەوانە و زۆر شتی دیکەش بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەدا سەقامگیر بێت و ببنە کولتوور پێویستی بە بەردەوامی ئەو سیستەمە هەیە کە پێکیانی هێناوە، لە ماوەیەکی کورتی ١١مانگەدا چاوەڕوانی زیاتر لە حکوومەتێک کە هێشتا بە تەواوی پێی نەگرتبوو و هەزاران کێشەی لە بەردەمدا بوو جێی خوی نییە. بەداخەوە ئەو دەسکەوتانە هێشتا هەر چرۆ و شکۆفە بوون کە تووشی کڕێوە و زریان بوون و وەک خۆدی کۆمارەکە نەپشکووتان و خەزانیان بەسەردا هات. بە بڕوای من گەورەترین دەسکەوت، ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان لە حکوومەتی کۆماری کوردستان بوو کە ئێستاش ئاواتی بۆ دەخوازن.

بۆچی کۆماری کوردستان نەیتوانی بازنەی دەسەڵاتەکەی بۆ ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوردستان درێژ بکاتەوە؟

جگە لە دوژمنی سەرەکیی کۆماری کوردستان کە ڕێژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی بوو، کۆمەڵێک هۆکاری دیکە لەو پێوەندیەدا ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە:

 - هەلومەرجی دامەزرانی کۆماری کوردستان تایبەتی بوو، تا ڕادەیەک کتوپڕ و لە نەکاو، لەو ناوچە کە کۆماری کوردستانی تێیدا دامەزرا پێشینەی حکوومەتداری و دامەزراوەکانی نەبوو.

- پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان سوپایەکی تۆکمە و کارامە و مەشق‌پێکراو و تەیار بە کەرەسەی سەربازی لە ئارادا نەبوو و هەروەها کسانی پسپۆڕ و شارەزا لە کاروباری سەربازی زۆر کەم بوو. هەروەها سوپا، پاش کۆمار پێی گرت.

- ناوچەی کۆماری کوردستان بەهۆی هێزی سەربازی ڕزگار نەکرابوو، بەڵکوو هەلومەرجی شەڕی دووهەمی جیهانی و هاتنی هێزەکانی هاوپەیمان بۆ ئێران و تێکشکانی سوپای ڕێژیمی پەهلەوی بۆشایەکی جۆغرافیایی و سیاسی لەو ناوچەدا پێک‌هێنا بوو کە کۆمار ئەو بۆشاییەی بە ژیەر و درایەتیکی سیاسی پڕ کردبۆوە.

- جگە لە هەموو کۆسپەکان گەورەترین بەربەست، نە هێزەکانی ڕێژیم، بەڵکوو حکوومەتی یەکیەتیی سۆڤییەت بوو کە بە توندی پێشی بە بەرنامەی هێرش بۆ سەر شاری سەقز کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ڕێژیمدا بوو گرت، بە بیانووی ئەوە کە ئەوێ ناوچەی ژێردەسەڵاتی بریتانیایە. لە ڕاستیدا ئەگەر سۆڤیەتییەکان لایەکیان لە کۆماری کوردستان دەکردەوە بۆ ئەوە نەبوو کە ئەو حکوومەتە کوردییە بەهێز و بەتوانا بکەن، ئەوان تەنیا حکوومەتی کوردستان و ئازەربایجانیان بۆ موعامەلە لەگەڵ ئێران و وەرگرتنی ئێمتیازی نەوتی شیمال بوو هیچی تر. بۆیە دژ بە بەرین بوونەوەی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کۆمار بوون.

 ئێستاش زۆر جار و لە هەندێک میدیادا کۆماری کوردستان بە کۆماری مەهاباد ناو دەبردرێ، ئەمە چ مەبەستێکی لە پشتە؟

بەکارهێنانی دەستەواژەی کۆماری مەهاباد لەلایەن هەرکەس و لایەنێک بێ یان لە ڕووی ناشارەزایی و تەنیا بە پشتبەستن بەوەی کە شاری مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستان بووە و لەو شارە کۆمار دامەزراوە و بەبێ سەرنجدان بە مانا و مەفهومی بابەتەکە هەر چۆن بەهەڵە بیستوویانە دووپاتی دەکەنەوە، یان نە، هێندێک کەس و لایەن بەئەنقەست ئەو دەستەواژە بەکار دێنن چونکە دەیانهەوێ کۆمارەکە لە شارێکی بچووک بە نیسبەتی شارە گەورەکان قەتیس بکەن و بەنییەتی خۆیان لە بەها و شکۆی کۆماری کوردستان کەم بکەنەوە. واتە لە جیاتی ئەوەی بابەتەکە بە کوردستانەوە پێوەند بدەن کە مانایەکی دیکەی هەیە، لە شارێکدا قەتیسی ئەکەن. تەنیا لە چەند وڵاتیکی کەم لە جیهاندا کە ناوی پێتەختەکەی لەگەڵ ناوی وڵاتەکەدا یەک یان زۆر نێزیک لە یەکن نیسبەتی سیستەمی حکوومەتەکە لە ناوە هاوبەشەکە دەدرێ، بۆ نموونە "الجزایر" دەنا کەس ناڵی "کۆماری ئیسلامیی تاران" یا "کۆماری پاریس". بۆیە ئەو لایەنانە کە لە ڕووی زانیارییەوە دەستەواژەی کۆماری مەهاباد بەکار دێنن، ئاگایانە یان نائاگایانە قسەی دوژمنانی گەلی کورد دووپات دەکەنەوە.

دیاردەیەکی دیکەش ئەوە لەژێر ناوی ئەوەی کۆمار دێفاکتۆیەکی کوردستانی بووە، هەوڵ دەدەن ڕۆڵ و دەوری حیزبی دێموکرات لە کۆماردا بسڕنەوە، ئەمە چۆن دەبینن؟

بەڵێ کەس و لایەنی وا هەیە نەخش و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە دامەزرانی کۆماری کوردستاندا پشتگوێ ئەخەن و دەیسڕنەوە کە دیارە ئەوە هەوڵێکی نزۆکە و هیچ‌کات سەر ناگرێ. دیارە لە بەرانبەریشدا فیکرێک لەنێو حیزبدا هەیە کە پێی خۆشە کۆماری کوردستان وەک مڵک و سامانی حیزب لە قەڵەم بدا، و لە ڕاستیدا ئەویش جۆری لە بەرتەسکردنەوەی کۆمار و قەتیس کردنیەتی لە نێو قەفەسی حیزبیدا. هەر دووی ئەو بۆچوونانە هەڵەن. ڕاستە حیزبی دێموکرات ڕۆڵ و کاریگەریی لە دامەزراندنی کۆماردا هەبووە و نە حاشای لێ‌دەکرێ و نە دەتوانرێ بیسڕیتەوە، لەو لاشەوە کۆمار مڵکی هیچ حیزبێک نییە. کۆمار، کۆماری خەڵکی کوردستانە و خاوەنی سەرەکیی کۆمار خەڵکی کوردستانن. بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێ وەک ماهیەتەکەی چۆن بووە ئاوەها هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ و دوور بخرێتەوە لە چوارچێوەی تەسکی حیزبایەتی.

مەسەلەی نەبوونی یەکیەتیی فیکری و سیاسیی لە کێشە گەورەکانی بەردەم کورد بووە بە تایبەت لە کۆماری کوردستانیشدا، پێتان وایە ئێمە بۆ تا ئێستا نەمانتوانیوە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەنێو ماڵی خۆماندا پێک بێنین کە ئاکامەکەی ڕزگاری یەکجاری نەتەوەکەمان بێت؟

لە سیستەمی دێموکراسی و لە ڕەوتە دێموکراتیکەکاندا یەکدەنگی و یەکڕیزی بوونی نییە، دێموکراسی واتا فرەدەنگی و فرەڕەنگی، فەلسفەی پلۆرالیزم یا فرە حیزبیش ئەوەیە، کە هەر حیزب و لایەنێک بانگەوازی بیروباوەڕی خۆی دەکا و لەو نێوەدا ململانێی و ڕەقابەت دێتە مەیدان. تا ئێستا مەترسییەکی ئەوتۆ لە فرەدەنگیدا نییە، بەڵکوو مەترسییەکە ئەوەیە کە بەداخەوە ململانێیەکە لە ڕاستیدا بۆ دابینکردنی مافی نەتەویی نییە، بەڵکوو هەرچەند بە زارەکی ئەوە نەگوترێ بەڵام بە "حەقیقەت" ململانێیەکان لە تەوەری بەرژەوەندی حیزبییەوە سەرچاوە دەگرن. زۆر بەداخەوە بزووتنەوەی کورد بەگشتی و بە ڕۆژهەڵاتیشەوە هەوڵەکان و چالاکییەکان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکانە. حیزب جێگەی نەتەوەی گرتووەتەوە، نەخشەکەی کە دەبووا کەرەستەیەک بووایە بۆ دابینکردنی مافە نەتەوەییەکان حیزبەکان بۆخۆیان لەجێی ئامانجە سەرەکییەکان دانیشتوون و خۆیان بوونەتە ئامانج. دەبووایە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بیچمی (کونفیدڕاڵی) لە حیزب و لایەنەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات پێک‌بهاتایە، بەڵام بەداخەوە ئەوە بووەتە خەون و خەیاڵ، بەڵام خۆ دەکرا و هەر دەبێ بکرێ، کە پەیمان یا میساقێکی نەتەوەیی بۆ دیاریکردنی هیڵگەلێکی سوور کە هیچ لایەنێک بۆی نەبێ لێێ تێپەڕ بێ، لەنێو ئەو لایەنانەدا مۆر بکرێ، کە ئەوە بۆ خۆی چەشنێک لە هاودەنگی و هاوڕەنگی لە مەسایلی نەتەوەییدا پێک دێنێ، کەچی ئەوەشمان نییە و هەتا لانیکەم ئەوە پێک نەیە دەستی نەیارانی کورد بۆ دروستکردنیان بەرینتر کردنەوەی درز لەنێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورددا ئاوەڵڵاتر دەبێ. بەکورتی ئەڵێم حیزب و ڕێکخراو کەرەستەن، هەدف و ئامانج نین، با لە جیاتی حیزب خۆشەویستی لە ڕادەبەدەر بیرمان لای بابەتە گەورەکە واتا ڕزگاری گەلەکەمان بێ.

ئێمە وەک نەتەوەی کورد چۆن دەتوانین وانەکانی کۆماری کوردستان بکەینە نەخشە ڕێگایەک بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان؟

وانەکانی کۆماری کوردستان دوو بەشن بەشێکی دەسکەوتەکانن و لەوانەش هەبووە کە بۆ ئەو سەردەمە وەک دەسکەوت حیسابی بۆ کراوە، بەڵام بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە کە لە ماوەی ئەو دەیان ساڵە کە بەسەر دامەزران و بەداخەوە ڕووخانی کۆماردا تێپەڕیوە و لە کۆمەڵگەی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، ڕەنگبێ لەگەڵ هەلومەرجی ئەوڕۆ نەگونجێ. لە هەمان کاتدا لە بیرمان نەچێ کە بابەتەکانی هەر سەردەمێک دەبێ بە پێوەری ئەو سەردەمە بێ، لەم بارەوە دەبێ بگوترێ کە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەی خۆی گەلێک گرینگ و پڕ بایەخ بوون، بەڵام ئەگەر هێندێکی هەروەک باسمان کرد بۆ ئەم سەردەمە نەگونجێ ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە. هەروەک ئاماژەی پێ کرا وانەکانی سەردەمی کۆمار تەنیا دەسکەوتەکان نەبوون بەڵکوو هەڵەکان و کەمووکۆڕییەکانی خۆکردیش هەیە کە دەبێ دووپاتە نەکرێنەوە. 

زۆر سپاس بۆ بەشدرایتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن

سپاس بۆ ئێوەش.