کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕەپانی نەورۆز

01:30 - 20 خاکەلێوه 2725

گۆڕەپانی نەورۆز

ئاسۆ مینبەری

ژیان بۆ مرۆڤ گۆڕەپانێکی گەورە لە ململانێ جیاوازەکان بۆ گەیشتن بە پێگەی شیاوی خۆیەتی. ئەم پێگەیە لە ڕوانگەی مرۆڤەکانەوە ئەتوانێ جیاوازیی هەبێت و هەرکەس بەپێی کەسایەتی و ئامانجی دیاریکراوی خۆی لە ژیانیدا، پێناسەی ئەم پێگەیە بکات و پلان بۆ گەیشتن بەم پێگەیە دابڕێژێ.

لەم پێناوەدا هەوراز و نشێو زۆرن و بێگومان تاکەکانیش دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکان و دۆخی دەوروبەرەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی کە گرینگە، زاڵ بوونە بە سەر کەندوکۆسپەکان و دۆزینەوەی ڕێڕەوە دروستەکەی ژیان بۆ گەیشتن بە پێگە و ئامانجە دیاریکراوەکە.

ژنان وەک توێژێکی کۆمەڵگە بەتایبەت لە کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک کۆسپی گەورە بەرەوڕوو بوونەتەوە کە بە درێژایی مێژوو لە قۆناغە جیاوازەکاندا، پێشیان بە سەربەستی و سەربەخۆیی ژنان گرتوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی، سیستەمی باوک‌سالار و پیاوسالار، دەسەڵاتی خۆسەپێنی دژەژن، نەخوێندەواری، نەبوونی دەرفەتی یەکسان و دەیان دیاردەی دیکەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی لەو فاکتەرانەن کە ژنانیان لە ڕێڕەوی سەرەکیی ژیانیان دوور خستوونەتەوە و نەیانهێشتوە وەک مرۆڤ پێناسە ڕاستەقینەکەی خۆیان هەبێ.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانە، خەباتی ژنان قەت ڕانەوەستاوە و ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەمیشە هەوڵیان داوە. ئەگەرچی ئەم هەوڵانە لە قۆناغی جیاوازدا و بەپێی کاریگەریی دۆخی سەردەمەکان ئاکامی دڵخوازیان نەبووە و خەباتەکە بەرەو کزبوون ڕۆیشتوە بەڵام، خەباتەکە بەردەوام بووە و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە.

تێکۆشانی ژنان لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بووە کە قەت کۆڵیان نەداوە و خەباتەکەیان تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوامە. بۆ ئەم مەبەستەش بە هەزاران کردەوەی ژنان هەبووە کە هەر کامەیان بە جۆرێک ژنیان لە ئامانجەکەی نزیک کردووەتەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پەرەسەندنی کاری ڕێکخراوەیی و چالاکییەکانی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، وای کردوە کە ژنان بە باوەڕبەخۆبوونێکی زیاترەوە هەنگاو بۆ داهاتوو هەلێنن و زیاتر دەرک بە گرینگیی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان لەسەر داهاتوو بکەن.

گەشەی کاری رێکخراوەیی لە شێوەی جیاوازدا خۆی نواندوە و ژنان هەر جارەو لە چوارچێوەیەکدا چالاکییەکانی خۆیان ڕێک دەخەن تاکوو بتوانن لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان بگێڕن.

نموونەی ئەم جۆرە ڕێکخستانە، بە دەیان ڕێوڕەسم و بۆنەی جیاوازی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە کە ژنان تێیاندا، خۆیان دەبیننەوە و هەوڵ دەدەن بە پێچەوانەی ڕابردوو، لە پێشەوەی گۆڕەپانی چالاکییەکەدا بن و کاریگەربوونی خۆیان بسەلمێنن.

ئەوەی کە لەم وتارەدا باسی لێ دەکرێ، گۆڕەپانی نەورۆزە، گۆڕەپانێک کە ژنان تێیدا خۆیان بینیوەتەوە و بە بوون لەم مەیدانەدا بە کردەوە بەشداربوونی خۆیان لە ئاڵوگۆڕەکاندا نیشان داوە و خەریکن هەوڵ بۆ دەستخستنی پێگەی شیاوی خۆیان دەدەن.

هەبوونی ژنان لەم گۆڕەپانەدا، پێش هەموو شتێک نیشاندەری بەرزبوونی وشیاریی نەتەوەیی و ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان لە بوون و گرینگیی خۆیان وەکوو مرۆڤێکی سەربەستە.

کاتێک کە ژنان لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ سەدان بەربەستی دروستکراوی دەستی دوژمن بەرەوڕوو دەبنەوە و هەموو دەرفەتەکانی ژیانیان لێ وەردەگیرێ و ناتوانن وەکوو مرۆڤێکی ئازاد و وشیار درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، کەوابوو هەموو ڕووداوێک لە کۆمەڵگەدا دەکەن بە دەرفەت و دەیقۆزنەوە تاکوو بتوانن بەرەنگاری بیری چەقبەستووی دژەژن ببنەوە. لێرەدایە کە ژنان خۆیان دەبن بە خولقێنەری دەرفەت و بەربەستەکان تێک دەشکێنن.

لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا، ژنان مەیدانداری سەرەکی بوون و بە بوونیان نیشانیان دا کە ئەگەرچی دوژمن هەوڵی داوە لە کۆمەڵگە دووریان بخاتەوە و نکۆڵی لە بوونیان بکات، ئەوان بە ئیرادەوە پێشەنگایەتیی ئەو کۆمەڵگەیە لە ئەستۆ دەگرن و خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن.

کۆماری ئیسلامی نەورۆز لە کوردستان بە مەترسیدار دەزانێ، بۆنەیەکی نەتەوەیی بە هەڕەشە دەبینێ و هەوڵی سەرکوتی دەدات، لە بەرانبەردا تاکەکانی کۆمەڵ و بەتایبەت ژنان کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، لەلایەن ئەم ڕێژیمەوە سەدان کۆسپیان هاتووەتە سەر ڕێ، هەوڵیان داوە هەر ئەو نەورۆزە لە بۆنەیەکی نەتەوەیی و کولتوورییەوە بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانێ شەڕێکی ناسنامەخوازی تاکوو بە ئامانجەکانیان بکەن.

ئەم گۆڕەپانە، لێوڕێژە لە مرۆڤی بە ئیرادە لە تەنیا چەکی دەستیان چۆپی و تەنیا فیشەکیان شایی و هەڵپەڕکێیە.

گۆڕەپانی نەورۆز، وانەی پێکەوەبوون، تەبایی، یەکگرتوویی و یەکبوونە و ژنان لەم گۆڕەپانەدا، پێشەنگی خەبات و بەرخودانن کە ژن لەم گۆڕەپانەدا، هەوڵ بۆ دەستخستنی پێگەی خۆی وەک مرۆڤێکی وشیار و سەربەست دەدات.