
پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەڕێزان کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان!
خەباتی لاوان لە جیهان و لاوانی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی لە خۆڕاگری و بەربەرەکانی لە بەرامبەر زوڵم و نایەکسانی و نادادپەروەریدا تۆمار کردوە. بەخۆشیەوە وشیاری و لەسەرهەستبوونی لاوانی نەتەوەی ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە جەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانیدا، وای کرد کە لاوانی کورد لە کاروانی کاری ڕێکخراوەیی وەدوا نەکەون و ٨٢ ساڵ لەمەوبەر بە دامەزراندنی "سازمانی جەوانانی کورد" خەباتی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی خۆیان دەست پێکرد و توانییان بەشێک لە لاوان لە ناوچەی مەهاباد بە دەوری ئامانجە نەتەوەییەکانی ڕێکخراوەکەیان و کۆمەڵەی ژێ کاف کۆ بکەنەوە.
بەڕێزان!
خاکەلێوەی ئەمساڵ بۆ هەموو لایەک جیاوازییەکی زۆری هەبوو. لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لاوانی کورد لە ڕێفراندۆمێکی واتاداری نەورۆزیدا، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی و دەکارکردنی هەموو مۆتێم و سیمبولە نەتەوەییەکانی وەک هەوری و جامانە لە کارناڤاڵەکاندا، پێداگرییان لەسەر ئەو ئامانجانە کردەوە کە ڕێکخراوەکەی ئێوە و حیزبی دێموکرات بۆی دامەزراون و خەباتی بۆ دەکەن.
دیارە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و خۆ سازماندەر و لاوانی پڕ لە وزە و ئەوینی کوردایەتی، ئەرکی سەرشانی ئێوە وەک یەکیەتیی لاوان و ئێمەش وەک حیزبەکانیان لە جاران قورستر کردوە. قەبووڵکردنی جیاوازی و پێکەوەژیانی تەبا و هەروەها سەربەستیی نەتەوەکەمان ئەو پەیامانە بوون کە لە هەناوی نەورۆزی خاکیپۆشانەوە بە هەموو لایەک گەیشت، هەر لەو سۆنگەیەوە ئێوە لە یەکیەتیی لاوان وەک پردی پێوەندی نێوان لاوان و حیزبی دێموکرات، پێویستە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پەیامانە لە پێشەوەی پلان و پڕۆژە کارییەکانتاندا بێت.
لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران میراتگری بیری کۆمەڵەی ژێ کاف و ڕێبەرانی شەهیدە و هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئێستا پشتیوان و داکۆکیکاری لاوانی کوردستان بووە و بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی لاوانی کۆمەڵگە درێغی نەکردوە، تەنانەت ڕێبەری دیاری نەتەوەکەمان شەهید دوکتور قاسملووش خەباتی سیاسی و حیزبیی خۆی لە ڕێکخراوی لاوانەوە دەست پێکرد. هەنووکەش لە ڕیزی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتدا بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی پێشووی یەکیەتیی لاوان دەبینرێن کە بەرهەمی پەروەردە و پێگەیاندنی سازمانیی ئەو ڕێکخراوە و حیزبی دێموکراتن، هەر بۆیە یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بۆ حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد سەرچاوەیەکی گرینگی دابینکردنی هێزی مرۆیی و کادری سیاسی و شۆڕشگێڕ بووە و دەبێت.
حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی داهێنەرانە و پێشەنگانەی لاوان لە ڕۆژهەڵات و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، پشتیوانی خۆی لە یەكیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دووپات دەکاتەوە و پیرۆزبایی ٢٢ی خاکەلێوە لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراو و لاوانی کورد دەکات و هیوای بەردەوامییان بۆ دەخوازێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو دڵنیاییە بە لاوانی کورد دەدات کە قوربانیدانی نەتەوەکەمان بەفیڕۆ ناچێت و بە بەشداریی هەموو لایەکمان لە خەبات، ڕزگاری مسۆگەر دەبێت.
حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٠ی خاكەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی