
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قەزبەس روزداری دایکی حەمید حوسێننژاد، زیندانیی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەی کرد.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا .
دایکی ناوبراو دەڵێت کوڕەکەی بووەتە قوربانی پلانێکی دۆسییەسازی و دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامە هەیە کە دەریدەخەن حەمید و بنەماڵەکەی لە کاتی "ئەو شەڕە" کە کوڕەکەی تۆمەتبارە بە تێوەگلان تێیدا لە دەرەوەی وڵات بوون.
دایکی ڕایگەیاندووە، کە کوڕەکەی و بنەماڵەکەی لەکاتی "ئەو دەرگیرییە چەکدارانەیە" کە لە دۆسییەی کوڕەکەیدا هەیە لە تورکیە بوون و ئەمەش بە مۆری هاتوچۆی فەرمی لە پاسپۆرتەکان و چالاکبوونی سیمکارتی حەمید لە تورکیە لە هەمان کاتدا دەسەلمێنرێت.
بەگوێرەی لێدوانەکانی ئەم ژنە، حەمید دوای دەسبەسەرکرانی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و بۆ ماوەی ١١ مانگ ئەشکەنجە دراوە. دەڵێت کوڕەکەم نەخوێندەوارە، لە ژێر گوشاردا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە؛ "دانپێدانانێک کە چەندین جار خۆی ڕەتی کردووەتەوە".
هەروەها بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە پارێزەری کوڕەکەیان لە دەستڕاگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسییەکەی بێبەشە.
دایکی حەمید حوسێننژاد دەڵێت، دوای دەسبەسەرکردنی کوڕەکەی بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسی لە ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی مافی پەیوەندیکردن یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت. هەروەها لەم ماوەیەدا بە تەواوی لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش بووە.
دایکی حەمید حوسێننژاد داوای هاوکاری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بە تایبەتی مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کردووە کە، دەنگی ئەوان ببیستن و دەڵێ کوڕەکەم بێتاوانە مەهێڵن لە سێدارەی بدەن.
هەروەها منداڵەکانی ئەو زیندانییەش لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی گرتەییەکی ڤیدیۆیی و باسکردن لە دۆسییەی باوکیان و ئاماژەدان بەو بەڵگانەی کە هەیە بۆ سەلماندنی بێتاوانیی باوکیان، داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژادیان کرد.
هەروەها حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی، هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردوونەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی دەرگیرییەکەدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەفەر لە تورکیە بووە.