
پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ئەشکەنجەدانی وەحشیانەی ١٣ی قوتابی لەلایەن بەناو مامۆستاکەیانەوە لە گوندی "کەرجۆ" سەر بە شاری سنە، ئێستا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم قوتابییانە جیا لە ئەشکەنجەدران، هەڕەشەی دۆسییەسازی، بەندکران و لەسێدارەدان لە داهاتوویان لێ کراوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم منداڵانە لەلایەن مامۆستاکەیانەوە بە شێوەی گرووپی و بە دار لێیان دراوە تا جێگایەک کە یەکێکیان بە هۆی زۆربوونی ئاسەوارەکانی ئەشکەنجەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
ئەم کارەساتە لە چوارچێوەی ئەشکەنجەی فیزیکیدا نەماوەتەوە، بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان کە لەم دواییانەدا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو کراونەتەوە، ئەم قوتابییانە ڕایانگەیاندووە کە پاش لێدان و توندوتیژی، لەلایەن مامۆستا و بەرپرسی قوتابخانەکەوە هەڕەشيیان لێ کراوە کە لە ئەگەری ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لەم بابەتە، پاش تەمەنی ١٨ ساڵان دۆسییەی دادوەرییان بۆ دەکرێتەوە و لە داهاتوودا سزاگەلێکی وەک بەندکران، لێدانی قامچی یان تەنانەت لە سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێت.
ئەم هەڕەشانە نە تەنیا نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی مافی منداڵانە، بەڵکوو نیشاندەری درزی قووڵ لە سیستەمی چاوەدێریی پەروەردەیی و نەبوونی لانیکەمی پشتیوانی لە قوتابییان لە قوتابخانەکانی گوندەکان لە ئێرانە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای ئەندامەتی لە کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان، بە شێوەی بەردەوام لە بەڕێوەبردنی پێویستییەکانیدا کەمتەرخەمیی کردووە.
لە کاتێکدا کە قوتابییان دەبێ لە شوێنێکی ئارام و تەندروستدا گەشە بکەن، نیزامی پەروەردەیی ئێران بۆ زۆربەی منداڵان، بووەتە گۆڕەپانی ترس و سەرکوت و ئازار.