
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمی، بڕیارە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ سزاکە جێبەجێ بکرێت و ناوبراو لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا لە سێدارە بدرێت، بەبێ ئەوەی کە مافی دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت.
لەم پێوەندییەدا ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بە فەرمی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە وادەی جێبەجێکردنی ئەو سزایە ئاگادار نەکراونەتەوە، و دەرفەتی یاسایی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دووبارە دادگاییکردن و لێخۆشبوون لە پارێزەرەکەی ئەستێندراوە.
هەروەها سەپاندنی سزای لەسێدارەدان، دوای ئەوەی لەلایەن لقی ٩ی دادگای باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە، لە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو و لە ٢٠ خاکەلێوەی ١٤٠٤دا ڕادەستی پارێزەرەکەی کرا. هەر بۆیە پارێزەرەکەی تەنها ٧ ڕۆژی بۆ داوای دووبارە دادگاییکردن یان لێخۆشبوون کات هەبوو.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دوای ئاگاداربوونی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەگەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی، براکەی بە ناوی ئیسماعیل حوسێننژاد لە کاردانەوە بەو گواستنەوەیە هەوڵی خۆکوژی داوە.
هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە دۆخی تەندروستیی ئیسماعیل حوسێننژاد ناجێگیرە و بۆ بەشی چاوەدێری چڕی پزیشکی گواستراوەتەوە.