
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەی هەڵبەستوان و هونەرمەندی دەنگخۆشی گەل، سەیدعەلی ڕەحیمپوور، ناسراو بە سەید عەلی سەردەشتی لە شاری ئیسکیلستوونا بەڕێوە چوو.
سەرەتا تەرمی ئەو هونەرمەندە لە گۆڕستانی "سەنت ئێسکیل" بە خاکی غەریبی سپێردرا. دواتر بۆ ڕێزگرتن لە خزمەتەکانی ناوبراو بە هونەر و موسیقای فۆلکلۆری کوردی، کۆڕێکی ماتەمینی پێک هات.
کۆڕی ڕێزگرتنەکە دوای بەخێرهێنانی میوانەکان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە، بە چەند کۆپلەیەک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز نەشمیل "ڕەحیمپوور" یەکێک لە کچەکانی هونەرمەند بە شێعرێک ڕێوڕەسمەکەی کردەوە و سپاسی بەشدارانی کرد کە لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە هاتوون تا هاودەردییان لە گەڵ بکەن.
کورتەیەک لە ژیاننامەی ناوبراو لەلایان بەڕێز ئاوات حەسەنپوورەوە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا بەڕێز "سەید ئەحمەد حوسێنی"، برازای هونەرمەند پەخشانێکی لە وەسفی کەسایەتیی هونەرمەند و بەیت و حەیران و گۆرانییەکانی و خۆشەویستیی هونەرمەند بۆ جوانی و دڵگیریی خاکی کوردستان خوێندەوە.
چەند وتەیەک لەلایان بەڕێز "کەریم مەرەسەنە" سەبارەت بە کەسایەتیی هونەرمەند و کاریگەریی هونەری ناوبراو لەسەر گۆرانی و موسیقای کوردی پێشکەش کران.
گۆرانییەکی هونەرمەند لەلایەن هونەرمەندان "شنۆ ئەحمەدی" و "هیوا گەردی" و "کاروان حەکیمزادە" کرایە نێوئاخنی بەرنامەکە.
شێعرێک و چەند وتەیەک لەلایەن شاعیر "ئەحمەد بازگر"ەوە پێشکەش کرا.
لاواندنەوەیک بە دەنگی هونەرمەند کاروان حەکیمزادە و موسیقای هیوا گەردی.
خاتوو "زارا ڕەحیمپوور" کچی هونەرمەند چەند وتەیەکی سەبارەت بە کەسایەتیی باوکی هونەرمەندی و شەپۆلی بەپەرۆشیی خەڵک بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە پێشکەش کرد و سپاسی خەڵکی کوردستانی کرد کە ئاوا خاوەنداریەتییان لەو هونەرمەندەی گەل کردووە.
پاشان گۆرانی "لادە لادە بۆ ماڵی ئێمە....."ی هونەرمەند بە کۆرس لە لایان کچ و نەوەکانی هونەرمەند و هونەرمەندان شنۆ ئەحمەدی، هیوا گەردی و کاروان حەکیمزادەوە گوترایەوە.
دواتر بەڵگەفیلمێک سەبارەت بە کۆڕی ڕێزلێنانی هونەرمەند لە نێوخۆی وڵات و چەند کۆپڵەیەک لە گۆرانییەکانی پێشان درا.
پەیامی هاودەردیی کومیتەی گشتیی حیزب لە سوید بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە لەلایەن بەڕێز "محەمەد بایزیدی" ئەندامی کۆمیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە.
زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی گشتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتانی سوید، فینلاند و نوروێژ بەشداریی ئەسپەردەکردن و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی ئەو هونەرمەندە گەورەی گەلەکەمانیان کرد.
هونەرمەند سەیدعەلی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووپاش ساڵانێکی دوورودرێژ خزمەت بە هونەر و موسیقای کوردی و بەچاپگەیاندنی چەند بەرگ کتێب لە بەرهەمە هونەرییەکانی خۆی وەک بەیت، حەیران و گۆرانی کوردی، بەهۆی چوونە سەری تەمەن و نەخۆشی ماڵاوایی لە خۆشەویستانی و دڵسۆزانی هۆنەری ڕەسەنی کوردی کرد.