کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکرانی سروە پوورمحەممەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

10:54 - 30 خاکەلێوه 2725

سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرا.

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی نۆژین لە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بەڵگەی بانگکرانی پێ گەیشتبوو و دەبێ بە مەبەستی جێبەجێبوونی سزاکە خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.

سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە دادگای پێداچوونەوەدا بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.

ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێ.

پێشتر ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی"، بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بە ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە ڕێگەی پارێزەرەکانی ناوبراو، دوکتور جوامێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدییەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی دوشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سروە پوورمحەممەدی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە دادگای ئینقلابی سنە، لەلایەن هێزە سەرلوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.