
ڕۆژی هەینی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤(١٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥ی زایینی) لە پارێزگای بۆردۆ، سێمینارێک بۆ بەڕێز خاتوو شەیدا ویجدانی بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب و هەروەها نوینەری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتی فەرانسە بەڕێوە چوو .
جێگای ئاماژەیە کە ئەم سێمینارە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بینای شارەوانیی شاری بۆردۆی فەرانسە و لەلایەن ناوەندی لا سورس بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و نوێنەری ناوەندە ئیدارییەکان پێکهاتبوو.
تەوەری سەرەکیی سێمینارەکە باسێکی سیاسیی لەسەر ئامانجەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و نەورۆزی خاکیپۆشان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەم بزووتنەوەیە بوو.
سێمینارەکە لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆر پاتریک ژولییەن دەستی بە کارەکانی کرد، ناوبراو وێڕای ناساندنی خاتوو شەیدا ویجدانی، باسێکی لەسەر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە وڵاتی ئێراندا کرد.
خاتوو ویجدانی باسەکەی بە بەستێن و هۆکارەکانی لەدایکبوونی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک مەکۆی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، دەستکەوتەکان و ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە و هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بزاڤی شوناسخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ کرد.
هەر لە درێژەی باسەکەیدا خاتوو شەیدا باسی لە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانی لە باشووری کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات کرد.
جێگای ئاماژەیە کە سێمینارەکە بە بەشداریی خاتوو ئاندرێ کیس شارەداری شاری ئاییان و جێگری سەرۆکی بۆردۆ مێترۆپۆل، هەروەها چەندین کەسایەتیی ئیداری، ئاکادێمی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەڕێوەچوو .
لە درێژەی ئەم سێمینارەدا خاتوو شەیدا توانی بیر و ڕا لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی و ئیداری بگۆڕێتەوە و باسی شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بکەن.
لە دوایین بڕگەی سمینارەکەدا بەشداربووان بە پرسیار و تێبینی لە باسەکەدا بەشداربوون و کۆڕەکە لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشداربوواندا کۆتایی پێهات.