
شەوی دووشەممە یەکی بانەمەڕی ١٤٠٤، هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران، هەواڵی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی بە بێ ئاماژە بە شوێن و ڕێکەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی بڵاو کردەوە.
ئێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین کاتژمێر لە ڕاگەیاندنی میدیایی جێبەجێکرانی سزاکە، بنەماڵەکەی هێشتا سەبارەت بە شوێن و کاتی لەسێدارەدرانی زانیارییەکیان لەبەر دەستدا نییە و تەرمەکەشیان وەرنەگرتووە.
جێبەجێکرانی ئەم سزایە لەم دۆخەدا، نە تەنیا پێشێلکردنی دادڕەسیی دادپەروەرانە، بەڵکوو پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی و دادپەوەریی کەیفەرییە.
لە دەقی ئەم هەواڵدەرییەدا هاتبوو کە "ئەم بابەتە ئەمڕۆ لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی پارێزگای ورمێ بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە."
دادگای ئینقلابی ورمێ لە پێوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەی ئەم بەندکراوەدا ڕایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە. بەم حاڵەوە بەدواداچوونی بنەماڵەکەی نیشان دەدات کە ئەم ڕاگەیاندنە تەنیا پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە میدیاکان و ئەویش بە شێوەی تلفۆنی و نافەرمی لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بووە.
بنەماڵەی حوسێننژاد بۆ پێنجەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک لە بەردەم بەندیخانەی ورمێ کۆ بوونەتەوە، لە درێژەی ڕۆژەکەدا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە کات، شوێن یان دۆخی جێبەجێکرانی سزاکەیان پێ نەدراوە و تا کاتژمێرەکانی کۆتایی شەو لە بەردەم بەندیخانەدا لە چاوەڕوانیدا بوون.
ئەم دۆخە هاوکات لەگەڵ نەبوونی هەر چەشنە بەڵگەیەکی فەرمی، ڕانەگەیاندنی شوێنی جێبەجێکرانی سزای سێدارە و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکە، نموونەی تەواوی "لەسێدارەدانی نهێنی"یە کە لەگەڵ بنەما یاساییە نێوخۆییەکان، ئایینی دادڕەسیی کەیفەری و ستانداردەکانی مافی مرۆڤ ناتەبایە.
حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو کە لە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا دەسبەسەر کرابوو، نزیکەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا و لەم ماوەیەدا، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، هەڕەشە بە چەک، بێبەریبوون لە پێوەندی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، گوشار بۆ دانپێدانان و تەنانەت لە کۆبوونەوەی لێپرسسینەوەدا کەوتە بەر لێدان.
ناوبراو پاش دەرچوونی بڕیاری کۆتایی لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا، گەڵاڵەیەکی فەرمیی بۆ داواکاری سەبارەت بە پێڕاگەیشتنی دووبارە بەپێی بڕگەی ٤٧٤ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری ڕادەست کردبوو کە تێیدا بە بەڵگەهێنانەوە سەبارەت بە تێپەڕینی یاسایی لە سنوور، شاهێدیی شایەتحاڵان و ناکۆکییەکانی کات و شوێن لەگەڵ شوێنی دەرگیرییەکە، بێتاوانیی خۆی سەلماندبوو. بەڵام ئەم گەڵاڵەیە بە بێ پێڕاگەیشتن لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە وەلا نرا و سزای سێدارەکەی پشتڕاست کرایەوە.