
ترس لە قوتابخانە
شەماڵ تەرغیبی
ڕێژیمی دژەگەلی ئەمڕۆی زاڵ بەسەر ئێران، یەکێک لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیانەی ئەمڕۆی دونیایە کە سەبارەت بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ ئەگەر نەڵێین بێوێنەیە ئەوا کەموێنەیە! کە بەردی بناغە و ڕەگی کۆتایی کۆشکی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتە پڕتاوان و خوێن و سەرکوتەکەی بە چەک و داپڵۆسین وخۆسەپێنیی بنیات نراوە.
دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران نەتەنیا بە هیچ جۆرێک ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەرنەگرتوە، بەڵکوو لەلایەن کۆمەڵێک بەکرێگیراوی چەندڕەنگی وەک پاسدار و بەسیج و جاش و سیخوڕەوە کە هەر هەموویان بەدوور لە پڕەنسیپ و کەرامەتی ئینسانین دەپارێزرێ.
چەخماخەی لێدانی بیرۆکەی ئەم هێزە لە سەردەمی خومەینیدا بە ناوی "ئەرتەشی ٢٠ میلیۆنی" لێدرا. سەرەتا وایان نواند کە ٢٠ میلیۆن کەس لەهەمبەر دوژمنی دەرەکیدا بەرگری لە نیزام دەکات، کەچی دواتر دەرکەوت کە دوژمنی سەرەکی نیزام هەر خەڵکی ئێران بۆ خۆیەتی. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین کە سپایەکی زەبەلاحی بێمێشک و ورگزل دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە کە دەستیان بۆ هەر چەشنە جینایەتێک ئاواڵەیە و هاتوونەتە مەیدان و ڕووبەڕووی ناڕازیان و مافخوازان دەبنەوە. گەورەکانی ئەم سپایە هەر هەموویان لە ئاکامی جینایەت و تاوان و تاڵان و خیانەتی جۆراوجۆرەوە پۆست و پلەیان خەڵات کراوە و هەنووکەش وەک مافیای نێودەوڵەتی و دێوەزمەی ناوخۆیی ڕۆڵی مافیایی دەگێڕن و لە گەندەڵی و تاڵاندا لە کێبەرکێدان. وەک دیارە، لە نێو دهسهڵاتی ئاخوندیدا بهكرێگیراوان و سهركوتكهران پلهكانی دهسهڵات یهك لهدوای یهك دهبڕن و بە ساناهی پلهوپایەی دهسهڵاتدارێتی وهچنگ دهخهن. تەنانەت پۆستە سەرەکییەکانی وەک سهركۆماری و مەجلس و قەزاییش هەر لە دەست ئەواندایە.
لەمڕۆژانەدا هەواڵیک بڵاو کرایەوە بە نێوەڕۆکی ئەوەیکە وەزارەتی بەناو فێرکاری و بارهێنان لەگەڵ دەزگای سەرکوتی پۆلیس "ڕێکەوتننامە"یەکیان واژۆ کردووە کە تێیدا هەر کام لە لایەنەکان ئەرکدار کراون بەرامبەر بە قوتابخانە و مامۆستایان و قوتابیان کردار و پەرچەکرداری تایبەتیان هەبێ و ناویان لێ ناوە هەوڵێک بۆ دابینکردنی نەزم و فێرکردنی کۆمەڵگە بە دیسیپلینی کۆمەڵایەتی!
وردتر گەر لێی بڕوانین ٥ ئامانجی سەرەکییان هێناوەتە بەر باس کە جێی تێڕامانن ئەوانیش بریتین لە: پەرەدان و گەشەسەندنی نەزم و دیسیپلینی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی قوتابیان و مامۆستایان، هەوڵدان بۆ پێشگیری لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، گەشەدان بە لایەنی ڕاوێژکارانە بۆ قوتابیان و بنەماڵەکانیان و جێگیرکردنی ئەمنیەت و پێشگیری لە ڕوودانی تاوان!
پێش لەوەیکە بچینە نێو شەنوکەوکردنی ئەم ڕێککەوتننامە، کە لەڕاستیدا هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ بەپادگانیکردنی زیاتری فەزای فێرکاری نێو قوتابخانەکان، دەبێ ئەوە وەبیر بهێنینەوە کە بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی نە وەزارەتی فێرکاری و قوتابخانەکان ئەو جۆرەی کە پێویست بووە توانیویانە نەخش و دەوری ڕاستەقینەی خۆیان کە پرسی ئامووزش و فێرکردن بووە، بگێڕن و نە دەزگای بەناو پۆلیس کە ئەرکی دابینکردنی ئاسایش و هێمنی بۆ هاووڵاتییانە ئەو کارەی ئەنجام داوە بەڵکوو هەر دوو دەزگای ئاماژەبۆکراو هاوشێوەی هەموو دامودەزگاکانی ڕێژیم لە خزمەت بەهێزترکردنی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی ناوەندیدا بوون و هەن؛ هەم لەڕووی ئایدیۆلۆژیکەوە و هەمیش لەڕووی پاراستنی کۆی سیستمی حوکمڕانی.
بەڵام سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکە و هەر ئەم بەشەی کە بریتییە لە ئامانجەکانی ڕێککەوتننامە ئەوەندە بەسە کە بڵێین تەواوی ئەم خاڵانەی کە ناویان هاتووە لەڕاستیدا بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ پێوەندییان هەیە بە کاروباری ڕۆژانەی وەزارەتی فێرکارییەوە؛ واتە وەزارەتی بارهێنان و فێرکاری بەپێی یاسا ئەرکدارە لەڕێگەی نیهاد و دامەزراوەکانی بەردەستی بەشێوەی پسپۆڕییانە کەڵک لە خەڵکانی شارەزا لە بوارەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و فەرهەنگزانان وەربگرێ و ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە پێشکەش بە قوتابیان، کادری ئاموزشی و بنەماڵەی قوتابییەکان بکات نە ئەوەیکە بێت و لە ناوەندە فێرکارییەکاندا بنکەی پۆلیس بکاتەوە تا ئەوان ئەرکە فێرکارییەکان لە ئەستۆ بگرن! کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەرخەری دوو ڕاستی و کەتوارە:
یەکەمیان ناکارامەیی لە قەوارە و ستراکچێری خودی وەزارەت کە ناتوانێ کاروباری خۆی جێبەجی بکات و دووهەم هەوڵێکی جیددی ناوەند و نیهادە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمە کە بەم شێوەیە بتوانن کۆنتڕۆڵ و چاودێرییەکی توندوتۆڵتر و وردتریان هەبێ بەسەر کەش و فەزای قوتابخانە.
ئەمەش دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە لەم چەند ساڵەدا و بەتایبەت پاش بزوووتنەوەی ژینا کە قوتابخانە و قوتابیان و مامۆستایانی دەروەست نەخشێکی پۆزەتیڤیان گێڕا، ڕێژیمی لەرزۆک هێندەی دیکە ترس لە دڵی نیشتووە؛ ترس لە ڕاپەڕینی دیکە و ئێعترازی دیکە و ناڕەزایەتی دیکە چ لەنێو مامۆستایان کە لەم ساڵانەدا ڕۆڵی پێشەنگایەتییان گێڕاوە و چ لەنێو قوتابیاندا کە بە خۆشییەوە فریوی وانە پڕچەواشەکانی ڕێژیمیان نەخواردووە و وەک هێزێکی لاو خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتین.
وەک وترا، دەسەڵاتی حکومەتی سەرەڕۆ و دژی گەلی ئێران لە سەر بنەمای هەڕەشە و تۆقاندن پێک هاتووە. بەرپرسانی پلەبەرزی نیزام جیا لەوەیکە هیچکات خۆیان لەبەرانبەر ویستی خەڵکدا بە وڵامدەر و بەرپرس نەزانیوە و نازانن، بەڵکوو بەردەوام بیر لە پاراستنی پلەوپایە و ئامانجە قەبێحەکانی خۆیان دەکەنەوە و لەم ڕێگایەشدا لە هیچ جینایەت و کردەوەیەکی دژەمرۆیی خۆناپارێزن. ئەوان دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، هەربۆیە هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا دەنگە ناڕازییەکان کپ بکەن و کێ لە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسین بۆ کارە باشتر؟!
ڕێژیمی ئاخوندی کە کۆڵەکەکانی تەمەنی نگریسی دەسەڵاتەکەی لە تاوان و دەسیسە پێک هاتوووە، هیچکات گوێ لە دەنگی مافخوازان ناگرێ. لە حاڵەتە سەرەتایی و بچووکەکاندا بە پشتبەستن بە هێزی بەکرێگیراو هەوڵ دەدا بە سەر ناڕازیاندا زاڵ بێت واتە لە قۆناخی یەکەمدا ئێعلانی شەڕ دەکا و هەر جۆرە داواکارییەک دەربارەی ماف و ئازادییەکان بە پرۆژەی دوژمن ئەژمار دەکرێ. هەروەها ئەگەر گەورەیی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە ڕادەیەک بەرز ببێتەوە کە تاج و تەختی دەسەڵاتەکەیان بخاتە لەرزە و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزی بەکرێگیراودا بێ، دەست و داوێنی پیلان و دەسیسە دەبن تا جارێکی دیکە خۆیان بگرنەوە.