
خەڵک لە کوێی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادان؟
ئەلبورز ڕوویینتەن
جارێکی دیکە دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا باسێکی گەرمە و ڕۆژەڤی میدیایی و سیاسیی ئێران و ناوچە و دونیای بە خۆوە سەرقاڵ کردوە. دانوستانێک کە هەر لایەنێک بە دوای داخوازییەکانیەتی و هەر لایەنێک پێداویستی و ناچاری بۆ سەرکەوتنی ئەو دانوستانەی هەیە. لێکۆلەران و چاودێران هەر دوای سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکان خەریکی شیکردنەوەی دۆسیەیی ئێرانن و هەر یەکە لە ڕوانگەی خۆی دەیهەوێ بڵێ کە چی دەبێ چۆن دەبێت. ئەگەر لە ترامپەوە دەست پێ بکەین و بڵێین ئەمریکا چی لەو دانوستانە دەوێ، پێویستە ئەمە لە چەند تەوەردا ببینین:
یەکەم شەڕی ئابوری و زلهێزی لە نێوان ئەمریکا و چینە، دوایە ڕۆڵی ئێران لەو نێوەڕاستە بۆ دابینکردنی وزەی ئورووپا و ڕێگریکردنی لە هاتنی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها دوورکردنەوەی ئێران لە بلۆکی چینە.
دووەم شەڕی ئوکراین یا ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ئوکراینە کە لێرەشدا ڕولی ئێران لە بلۆکی ڕووسیە کە تەنانەت بە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بە ڕووسیە بەشداری تێدا کردوە، ئەمریکا دەیهەوێ بەو دانوستاندنە ئێران لەو بلۆکەش بێتە دەر و لەو ڕووەش پۆزیشنی ڕووسیە لاواز بکات هەتا لە سەر مێزی ڕووسیەش بەرگی زیادتری بە دەست بێت.
سێیەم داخوازیی ئەمریکا ئاسایشی ئیسرائیلە، بە تایبەتی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە دەستی ئێرانی لە سەر مێزی دانوستاندن کورت کردۆتەوە، بەڵام ئەمریکا دەیهەوێ زیاتریشی کورت بکاتەوە و بەرنامەی مووشەکیی ئێرانیش لەو چوارچێوەیەدا دەبینێت.
چوارەم و گرنگترین داخوازی ئەمریکا و بە تایبەتی ترامپ گرتنی وێنەیەکە بۆ ترامپ هەتا ڕوو بە نێوخۆ کەڵکی لێوەرگرێ و بڵێت ئەوە منم کە توانیم پێش بە شەڕێکی گرینگ بگرم و بەو شێوەیە ئێرانم ڕام کردوە.
خوێنەرانی ئەو بابەتە دوای ئەو چوار تەوەرە یەکسەر پرسیاری ئەوە دەکەن ئەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران داخوازیی ئەمریکا نیە، کە گۆیا هەموو دانوستناندن لە سەر ئەو بابەتەیە؟ پێم وایە دۆسیەی ئەتومی ئێران تەنیا بۆ ڕووکەش و ڕەواییدان بە دانوستانەکەیە، چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل دڵنیان کە ئێران ناتوانێ چەکی ئەتۆمی دروست بکات و ئەگەر بابەتێکی لەو شێوەیە لە ئارادابایە پێش هەر بابەتێک هێرشیان دەکردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکان و دوای باسی دانوستانیان دەکرد، چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل چاوەڕێی دانوستاندن ناکەن و هەر وەک پێشتریش دیتمان هەر کات پێویست بووە هێرشیان کردوە.
ئدەی لە بەرانبەر ئەو هەموو تەوەرە و داخوازەی ئەمریکا ئێران چیی دەوێ؟
بە لای ئێرانەوە پرسەکە زۆر سادەیە، ئێران و تاقمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی تەنیا یەک داواکاری هەیە و ئەویش درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی دیکتاتوریی خۆیانە. هەموو بابەتەکانی دیکە لە پەرواێزی ئەو ویستە واتە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدایە بە ویستە ئابورییەکانیشەوە، چونکە ئەو دەرفەتە ئابوورییەش وەک دەرفەتێک و درێژکردنی دەسەڵاتی خۆیان بە دوایدا دەگەڕێن.
پرسی سەرەکییش لێرەدایە، کە خەڵک و گەلانی بندەستی ڕێژیم لە کوێی هاوکێشەکاندان؟
نە لە ویست و داخوازی ئەمریکادا ئازادییەکان و ویستەکانی خەڵکی ئێران ئەولەوییەتی هەیە، نە بە سەرکەوتنی ئەو دانوستاندنە هەزاران قەیرانی کە پشتی خەڵکیان چەماندۆتەوە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چارەسەر دەکرێن.
تەنانەت ئەگەر گەمارۆکان نەمێنن دیسان ئەو گەندەڵییەی لەنێو ئێراندا لە بواری جیاوازی کارگێری و سیاسی هەیە بنبڕ ناکرێ و دەرفەتێکی زیادتر بۆ گەندەڵکاران دەبیندرێتەوە. نە ئەمریکاش بە سەرکوتی خەڵک دڵگران دەبێت و وەک پرسێکی نێوخۆی سەیری دەکات و بە دوای دەستکەوتەکانی خۆی دەبێت.
هەربۆیەش بە پێچەوانەی ڕۆژەڤی میدیای فارس زمان کە دەیهەوێ بە پڕۆپاگەندەی شەڕ و ئاشتی خەڵک سڕ بکات، پێویستە وەک کوردستان ڕۆژەڤی ئازادیخوازیمان هەر گەرم و پڕ جۆش و خرۆش بێت، چونکە تەنیا نەمانی ڕێژیمی دیکتاتوری دەتوانێ ببێتە سەرەتای چارەسەری قەیرانەکان جا لە هەر بوارێکدا بێت، تەنانەت لە هەمووی ئەوانە گرینگتر گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی کوردستانە کە لە چوارچێوەی دانوستانێکی وەها کە خەڵک لە ئەولەیەتدا نیە بە دوور و نزیک بەدی ناکرێت.