
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی نزیکەی یەک مانگدا، لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو تا ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی فەرهاد ڕەمەزانی و کەماڵ محەممەدپوور و زیندانییەکی دیکە بە ناوی عەلی سۆهرابی خەڵکی هەمەدان، لە زیندانی بانە گیانیان لەدەست دا.
لەو ڕاپۆرتەی هەنگاودا هاتووە کە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە ڕاگەیەندرابوو کە عەلی سوهرابی، بەندکراوی خەڵکی هەمەدان، بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە زیندانی بانە گیانی لەدەست داوە. بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گیانلەدەستدانی گوماناویی عەلی سۆهرابی تەنیا دوو ڕۆژ دوای گواستنەوەی ئەو زیندانییە بۆ زیندانی بانە ڕووی داوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەمە فەرهاد ڕەمەزانی خەڵکی شاری بانە لە زیندانی ئەم شارە گیانی لەدەست دا کە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەویش ڕاوەستانی دڵ ڕاگەیەندرابوو.
پێشتریش لە ڕۆژی هەینی ١٠ ڕەشەمەدا، زیندانییەکی دیکە بە ناوی کەماڵ محەممەدپوور، باوکی سێ منداڵ، لە زیندانی بانە گیانی لەدەست دا.
هۆکاری گیانلەدەستدانی لەناکاوی ئەم زیندانییەی خەڵکی شاری بانە، هەر هاوشێوەی ئەو دوو زیندانییەی دیکە، ڕاوەستانی دڵ ڕاگەیەندراوە و ماوەی کورتی نێوان گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییانە بووەتە هۆی نیگەرانییەکی جیددی سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییانی زیندانی بانە.
فەرهاد ڕەمەزانى و کەماڵ محەممەدپوور پێشتر بە تۆمەتى قاچاخکردنى کەلوپەل و تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەسبەسەر کرابوون و دواجار سزاى زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو. سەبارەت بە تۆمەتی زیندانییەکەی دیکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
لەم پێوەندییەدا هەنگاو ڕایگەیاندووە تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن بەرپرسانی زیندانی بانە یان ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییانە لە ماوەی یەک مانگدا نەدراوە.