
حیزبی دێموکرات: سیاسەتی هەڵە و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی گیانی خەڵک و مافی ژیانی بەئامانج گرتوە
دوابەدوای تەقینەوەیەکی قورس لە بەندەری ڕەجایی شاری بەندەرعەباس لە ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤دا، تاکوو ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون. ئەگەری ئاگرکەوتنەوەی زیاتر و لەوسۆنگەیەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانییان و کوژراوانی ئەم ڕووداوە هەروا لە ئارادایە.
ئەم تەقینەوەیە و ڕووداوەکانی هاوشێوەی ئاکامی سیاسەتی هەڵە و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە هیچ گرینگییەک بە گیانی خەڵکی وڵات نادات. جیا لە شیمانە و ڕاوبۆچوونی جیاوازی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوی تەقینەوەکە، خەسارە گیانییەکانی لە بواری مرۆییەوە جێگەی تێڕامان و ئازاربەخشن.
وێرای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە ناخهەژێنە دەخوازین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٨ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی