کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم تەرمی حەمید حوسێننژاد ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکاتەوە

18:17 - 9 بانەمەڕ 2725

پاش تێپەڕبوونی ٨ ڕۆژ لە لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕێژیم نە تەرمی ناوبراوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە نە زانیارییەکی سەبارەت بە شوێنی ناشتنی ئەم لەسێدارەدراوە ڕادەست کردووە.

بەپێی زانیارییە بڵاوەکراوەکان، ستادی خەبەریی وەزارەتی ڕێژیم لە ورمێ بانگی براکانی حەمیدی کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە تەرمی براکەیان ڕادەست ناکرێتەوە.

بە گوێرەی ئەم زانیارییانە هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە براکانی حەمیدیان وتووە: "خۆمان تەرمی حەمیدمان ناشتووە و هیچ ناونیشانێکیشی ڕادەست ناکەین و بچن شوێنی ژیانی خۆتان بکەون".

بنەماڵەی حەمید و منداڵەکانی زیاتر لە حەفتەیەکە چاوەڕوانن تا لانیکەم وێنەیەک لە تەرمی کوڕەکەیان پێ نیشان بدرێت کە گیرۆدەی چاوەڕوانییەکی درێژخایەن نەبن بەڵام تەنانەت ئەم داواکارییەش لەلایەن ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە.

ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی ناوبراو جگە لەوەی کە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە، بەپێی یاسا دادوەرییەکانی خودی ڕێژیمیش هەڵسوکەوتێکی ڕێگەپێنەدراوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم جیا لەوەی کە تەرمی حەمیدیان ڕادەست نەکردووەتەوە لە کردەویەکی دیکەی دوور لە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەولەتییەکان، چەند ڕۆژێک ڕێگرییان لە چوونەوەی ڕۆناهی، کچی ئەم هاووڵاتییە کردووە.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو خەڵکی گوندی سگریک سەر بە شاری چاڵدێران ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی دەسبەسەر دەکرێت و زیاتر لە ١١ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژوورێکی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە و ئازار ئەدرێت.

ناوبراو لە پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپا و پاشان حوکمەکەی لە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕیژیمەوە پشتڕاست کرایەوە و لە ئاکامدا دووشەممەی حەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتی یەکی بانەمەڕ، لە سێدارە درا.

حەمید سێ منداڵی هەبووە و کە لە کاتی لەسێدارەدرانی تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە.