کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئازادیی کاتیی محەممەد سۆهرابی

18:19 - 9 بانەمەڕ 2725

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگری لە ئازادیی کاتی محەممەد سۆهرابی هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار دەکات. محەممەد سۆهرابی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا جارێکی دیکە دەسبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد سۆهرابی تەمەن ٣٢ ساڵ، باوکی چوار منداڵ و خەڵکی شاری پیرانشار لە چوارەمین مانگی دەسبەسەربوونیدا، هێشتا لە ئازادیی کاتی بێبەشە.

محەممەد سۆهرابی دوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی ناڕوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و هێشتا لەم بەندیخانەیە.

محەممەد سۆهرابی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی جارێکی دیکە دەسبەسەر کرابوو، پێشتر لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوە سزا درابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا.