
کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ئێن ئار تی، باسی لە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات، دۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە کرد.
کاک خالید سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئێران و ئەمریکا وتی: من لەو باوەڕەدام ئێستاش واشنگتۆن بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە ڕەفتاری ئێران بگۆڕێ، لە ڕوانگەی ئەوانەوە سێ فاکتۆری پەیوەندیدار بە ئێران هەیە کە دەبێ بیانگۆڕێ، فاکتۆری یەکەم ڕاگرتنی پرۆژەی ناوکیی ئێرانە چون ئەو پرۆژەیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئیسرائیل و ئەمنییەتی ئەمریکا لە ناوچەکەیە، فاکتۆری دووهەم ڕاگرتن یا سنوردارکردنی سامانەی مووشەکیی ئێرانە کە هەردووکی ئەوانە شتی نیزامین، فاکتۆری سێهەم دەستکورتکردنەوەی گرووپە نیابەتییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا کە دوای ئاڵوگۆڕ لە سووریە ئێران تووشی شکستێکی گەورە بووە و ئەو میحوەری موقاومەتە کە بە شێوەی پێشوو هەبوو مەجالی نەماوە، بەڵام فاکتۆرەکانی یەکەم و دووهەم کە لەسەر ئەمنییەتی ئیسرائیل هەڕەشەن، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە لە جێگای خۆیانن.
بەڕێز عەزیزی سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: لە حاڵی ئێستادا ئێمە هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە،هیچ داوایەکیان لە ئێمە نەکردووە و ئێمەش داوامان لەوان نەکردووە، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە لەو باوەڕەدا بووە ئەگەر بگونجێ و فرسەتێک بێتە پێش و عەقڵییەت لە تاران بەوە بگات کە کێشەی کورد لە ئێران لە ڕێگای گفتوگۆ و وتووێژەوە چارەسەر بکا ئێمە ئەوە بە ڕێگاچارەیەکی باش دەزانین. تا ئەو جێگەی پەیوەندی بە نێوەخۆی وڵاتەوە هەیە لە ڕاستیدا ئێمە دەبێ پۆلێنبەندی بکەین کە سیناریۆکان چین، بەڵام لە هەموو سێناریۆکاندا یەک شت گەرەنتیی دۆخی ئێمە دەکات ئەویش یەکڕیزی ئێمە و ئامادەکارییەکە لە نێو خۆی وڵات هەیە. ئەگەر ئاماژە بە نەورۆزەکانی ئەو ساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی دیکە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی و شعووری سیاسیی تێدا بەدی دەکرا بۆیە ئەوە پەیامێکی داوە بە ئێمە کە لە نێوخۆی وڵات بە خۆشییەوە ئستعدادێکی بەهێز هەیە لە پرۆسەی میللەتسازیی سیاسی و ئامادەییەکی زۆر کە ئەو خەڵکە لەوێ بۆ خۆیان چۆن لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ئەگەر و سێناریۆی جۆراوجۆر ببنەوە.
کاک خالید سەبارەت بە چالاکیی پیشمەرگانە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا ئێمە بە شێوازی جۆراوجۆر بە بۆنەی جۆراوجۆر لە نێوخۆی وڵات و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکیمان هەبووە و بەردەوام دەچێتە پێشێ. ئەگەر چالاکی بەوە دابنێین کە دەبێ حزووری پێشمەرگە هەبێ و شەڕی نیزامی و شەڕی چەکداری بێت زۆر بە ڕاشکاوی بڵێم حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو باوەڕەدایە ئێستا مادام جموجۆڵێکی بەربەرینی مەدەنی و جەماوەری بە شێوەی فەرهەنگی بە شێوەی نەورۆز لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانی ئێراندا هەیە نابێ بیانوو بە کۆماری ئیسلامی بدرێ کە دۆخەکە ئەمنییەتی بکاتەوە.
وتەبێژی حیزب سەبارەت بە نایەکگرتوویی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: سەردەمێک ئێمە ناوەندێکمان هەبوو بە نێوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای بە دوای جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی خوێندنەوەی جۆراوجۆر هاتە نێو ئەو ناوەندە، ئەو ناوەندە بەداخەوە نەیتوانی کار بکا و بچێتە پێش، بۆیە من لەو باوەڕەدام هەم ئێمە وەک حیزبی دێموکرات و هەم لایەنەکانی دیکە بە شەهامەت و ڕاشکاوییەکی کوردانە خەسارناسییەکی ئەوە بکەین بۆ ناتوانین یەکڕیز بین و بۆ ناتوانین یەکگرتوو بین. لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشی پەیوەندییەکانەوە لەو پەیوەندییەدا لە چەند حەوتووی ڕابردوو چەند دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە بەشێکیان نیشتەجێن لە باشووری کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش، دەبێت زیاتر هەوڵ بدەین و شەهامەتی خەسارناسیمان هەبێ و گلەیی و گازندەکان وەربگرین و ڕێگاکە بۆ ئەوە خۆش بکەین.
کاک خالید سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستانیش وتی: لە ڕاستیدا ئێمە زووەوە سیاسەتێکمان هەبووە سەرەڕای ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی کوردەکانی باکووری کوردستان لە دژی دەوڵەتی تورکیە، لەگەڵ ئەو میتۆد و لۆژیکەی پەکەکە نەبووینە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبێک دروست بکا و بە عەقڵییەتی پەکەکە و بە فەلسەفەی ڕێزدار عەبدوڵڵا ئۆجالان بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار بکات، پێمان وایە ئەوە لەگەڵ واقعیات نایەتەوە .
سەبارەت بە ڕۆژاوای کوردستانیش بەڕیز عەزیزی ڕایگەیاند: کورد ئەگەر ئەوەی قبووڵە کە لە چوارچێوەی سووریەدا دەبێ بە دوای چارەسەری کێشەی خۆیدا بڕوا دەبێ ئەو حەقیقەتە قبووڵ بکا تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسی بێ لە سووریە و لە دەمیشق . میکانیزمەکەشی چۆن بێت ئەوە بۆ خۆیان باشتر دەزانن بەڵام ئەوان ڕابردوویەکیان لە تەجرووبەی کاری ئیدارەیەکی خودموختار لەوێ هەیە و دەتوانن ئەوە بکەن بە ئەسڵێک کە لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریە چۆن وتووێژ بکەن.