کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەڕێوەچوونی وێبینارێک بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

10:16 - 17 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، وێبینارێک لە ژێرناوی "پێشەوا و کۆمار، وەکوو ئەزموونێکی بێوێنە لە کۆمارەوە تا باوکی کۆمار" لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بۆ بەڕێزان خاتوو لەیلا سوڵتانپەنا، کاک بێستوون ئیزەدی و کاک سلێمان کەریمی، بەڕێوە چوو.

وێبینارەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بە خێرهاتنی بەشداربووان لە لایەن مێهرداد خوسرەوییەوە دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، لەلایەن خاتوو کەژوان یووسفی، ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە پێشکەش کرا. ناوبرا لە بەشێک لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد کە: "هەر چەند کە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی هەر دوو ڕێژیمی داگیرکەری پەهلەوی و ئیسلامیدا، ڕێگە نەدراوە و نادرێت کە گەلی کورد بە شێوەی ئازادانە بەها و سیمبۆلە نەتەوەییەکان و یاد و ناوی شەهیدانیان بەرز ڕاگرن، بەڵام گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز  بۆ گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزی شەهیدان لە خەباتی نەتەوایەتیی و درێژەدانی ڕێگای شەهیدان سڵی نەکردووە و هەر ساڵ بە ئیرادەیەکی بەرزتر لە ساڵانی پێشووتر لە دژی داگیرکەرانی کوردستان دەر دەکەوێت و بە درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان باشترین پاداش پێشکەش بە شەهیدان و بارەگای ئازادی دەکات".

لە بڕگەی دواتردا خاتوو لەیلا سوڵتانپەنا، مژاری وێبینارەکەی دەست پێ کرد. سوڵتانپەنا لە باسەکەیدا ئاماژەی بە گرینگیی ناودێرکردنی ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی وەکوو "ڕۆژی شەهیدانی کوردستان" کرد و پێگەی پێشەوا و کۆماری کوردستانی لە پێگەیاندنی لاوان و ژنان و هەروەها ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕینی لە کوردستاندا بەرز نرخاند.

دواتر کاک سلێمان کەریمی، درێژەی بە مژاری وێبینارەکە دا و بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو و قۆناغەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە کوردستاندا،  پێویستی و زەروورەتی پێکهاتنی کۆماری کوردستانی هێنایە بەرباس و کەسایەتی و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەدی وەکوو پێکهێنەر و سەرۆککۆماری کوردستان بە هێنانی کۆمەڵێک بەڵگەی دیرۆکی بۆ بەشداران شی کرد.

پاشان کاک بێستوون ئیزەدی لە درێژەی مژارەکەدا باسێکی لە سەر قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا و تا سەردەمی هەنووکەیی پێشکەش کرد. ناوبراو بە هەڵسەنگاندنی پێگەی کۆماری کوردستان و هێنانی کۆمەڵێک فاکتی مێژوویی لە ئەرشیڤی دەوڵەتاندا، هەوڵی دا کە بێوێنەبوونی ئەزموونی کۆماری کوردستان و پێشەوا، شرۆڤە بیکات و بیسەلمێنێت.

برگەی کۆتایی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ ڕا و سەرنجی بەشداربووان کە لەلایەن کۆڕگێڕانەوە وڵامی پرسیار و سەرنجەکان درانەوە.