کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

12:05 - 17 خاکەلێوه 2725

لە ماوەی ڕابردوودا چەند بەرنامە سەبارەت بە مێژوو و هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کاناڵی تلویزیۆنی ڕووداو و بە تایبەت بەرنامەی پەنجەمۆرەوە تۆمار و بڵاو کراونەتەوە کە بە گشتی پێمان وایە ئەگەر بە شێوەیەکی بێلایەنانە و بە دوور لە دەمارگرژی کار لەسەر رووداوەکان بکرێت، خزمەت بە داهاتووی دۆزی کورد دەکا.
 یەکێک لەو بەرنامانە کە لە ماوەی رابردوودا بڵاو کرایەوە، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ خاتوو مەلەکە مستەفا سوڵتانی بوو کە بەداخەوە ناوبراو لە بەشێک لە بەرنامەکەدا هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

 لەگەڵ ئەوەی کە سەرلەبەری ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە، لەو پێوەندییەدا بە پێویستی دەزانین ڕابگەیەنین:

١- هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە شەڕی نێوخۆیی کە قازانجی بۆ هیچ لایەنێکمان نەبووە بە تەواوەتی مەحکووم دەکەین، لە هەلومەرجی هەستیاری سیاسیی ئێستای کوردستاندا کە دوژمنانی کورد لەوپەڕی لاوازیدان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هەمووان دەبێ لە ئێستا و لە داهاتوودا بەرژوەندیی باڵای نەتەوەکەمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەک دابنێین و پێکەوە کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانمان بکەین و پێویست ناکا هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی بدرێ.

٢- کارکردن لەسەر مێژووی کورد و لێکدانەوەی ڕووداوەکان بە لێکۆڵەران و پسپۆرانی بێلایەن بسپێرین و ئەنجامەکانی وەک وانە و ئەزموونێکی هاوبەش بخەینە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و لەو پێوەندییەدا خۆمان بە بەرپرسیار بزانین.

٣- ئەرکی میدیای کوردی لەم سەردەمەدا ئەوەیە یارمەتیی تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان بدەن و لە ژێر ناوی ڕۆژنامەنووسی ئازاد و بێلایەن هەوڵی کەلێن دروستکردن لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا نەدەن.

٤-داوا لە ئەندام و لایەنگرانی حیزب دەکەین وەک هەمیشە بە هەست بە بەرپرسیارێتیی زیاترەوە هەوڵی پاراستنی بنەما فکری و ئەخلاقییەکانی حیزب بدەن و بە پێی ڕاسپاردەکانی حیزب، پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی بکەنە بنەمای هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانیان.


حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی ئیداری
١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤
٦ی ئاوریلی ٢٠٢٥