کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەریفە محەممەدی بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە: دەبێ بژین و هیوامان هەبێت

13:09 - 17 خاکەلێوه 2725

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە نووسراوەیەکدا کە لە زیندانەوە ئاراستەی کوڕەکەی کردووە، باسی لە پرۆسەی لێپرسینەوە و چۆنیەتی ئاگاداربوون لە سەپاندنی سزای سێدارە دژی خۆی کردووە.

لەم نووسراوەدا، کە لەلایەن "کەمپەینی بەرگری لە شەریفە محەممەدی" بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: بەرپرسانی زیندان دوو مانگیان کات هەبووە بۆ ئەوە ئاگادارم بکەنەوە کە سزای لەسێدارەدانم بەسەردا سەپاوە، بەڵام تا کاتژمێرێک پێش ئەوەی بڕیار بوو چاوم بە هاوسەر و منداڵەکەم بکەوێت، لە ڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەمدا ئەوەیان پێ ڕاگەیاندم.

شەریفە محەممەدی لە نووسینەکەیدا کە بۆ کوڕەکەی نووسیویەتی: جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی لێپرسینەوەدا لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی بووە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە سێ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو و ١٤ کیلۆ لە کێشی دابەزیبوو، و بە هۆی لێدان و ئەشکەنجە لایەک لە دەموچاوی ڕەش و شین هەڵگەڕابوو و لە دۆخێکدا بووە کە تەنانەت پاسەوانانی زیندانیش نەیاندەناسییەوە.

شەریفە بۆ ئایدینی کوڕی نووسیویەتی تا ئێستا نازانێت چ تاوانێکی ئەنجام داوە کە ئەو سزا قورس و ناڕەوایەی بەسەریدا سەپاوە، بەڵام لە کۆتایی نووسراوەکەیدا جەختی لەوە کردەوووەتەوە کە نابێت دانیشین و ئازار و خەم و پەژارە لە باوەش بگرین، دەبێت بژین و هیوامان هەبێت.

شەریفە محەممەدی لە سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ دەسبەسەر کرا و لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕەشتەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. دادگای باڵای ڕێژیم لە ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٣دا ئەم سزایەی هەڵوەشاندەوە و لە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕەشت، جارێکی دیکە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند.