
ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزگرتن لە ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ساڵڕۆژی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی پێک هێنا.
سەرەتای ڕێوڕەسمێکە بە خوێندنەوەی شێعرێک و بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە، "موژدە عەزیزی" دەستی پێ کرد. سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب کرایە دەسپێکی بەرنامەکان و دواتر یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.
دوای گوێبیستبوونی سروودی ئەی شەهیدان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب بەو بۆنەوە لەلایەن هاوڕێ "نەبەز عەلیدووست"، بەرپرسی کومیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە.
بەشدارانی کۆڕەکە گوێبیستی بەشێکی کورت لە وەسیەتنامەی شەهید پێشەوا بوون.
دوای ئەو نۆرە گەیشتە گۆڕگێڕی ئەو یادە پیرۆزە، هاوڕێ "سەعید بەیگزادە"، کادری لەمێژینە و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب، کە باسێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە و دیاریکرانی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە چەند تەوەردا پێشکەش کرد:
نەخش و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە کۆماری کوردستاندا
وەستۆگرتنی بەرپرسایەتی و بردنەسەری ئەو پەیمانەی بە خەڵکی دابوو
پێگە و ڕێزی ئەو گەورەپیاوەی مێژووی گەلەکەمان دوای فیداکردنی گیانی خۆی بۆ پاراستنی گیانی خەڵکەکەی
ئەو کێشە و گرفتانەی ئەوکات شەهید پێشەوا حەکیمانە هەوڵی چارەسەرکردنی داون و ئێستاش پێمان دەڵێن کە درێژەدانی شێوەی هەڵسوکەوتی شەهید پێشەوا گونجاوترین ڕێگەچارەی ئەو کێشانەیە، بەتایبەت لە گەڵ نەتەوەکانی جیرانمان.
جێژنەکانی نەورۆزی ئەو ساڵانەی کوردستان، بەتایبەت نەورۆزی خاکیپۆشان و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خەڵک و ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمە.
ژمارەیەک حیزب و ڕێکخراو بەو بۆنەوە پەیامیان ناردبوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەوە نێویان خوێندرایەوە و سپاسیان کرا، کە ئەوانەی خوارەوە بوون؛
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران- کۆمیتەی سوید
پارتی دێموکراتی کوردستان-لێژنەی ناوچەی سوید
پارتیا دێموکڕاتا کورد ل سوریا
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمێکەدا شێعرێک لە ژێر سەردێڕی "گوڵەخوێناوییەکانی ئاشتی" لەلایەن هاوڕێ" جەزا شابازی" پێشکەش کرا.
لاوانەوەیەک لەسەر شێعرێکی نەمر مامۆستا "خدر عەباسی" لە ژێر سەردێڕی "دەردە دڵ" لەلایان هاوڕێ "ڕەحمان نستانی" بەو بۆنەوە پێشكەش کرا.
هاوڕێ "عارف عەزیزی" بە نێوی شێعریی "ڕاوێژ" بە خوێندنەوەی شێعرێک لە ژێر سەردێڕی "باجی ئەم شۆڕشەم داوە" بەشداری ڕێوڕەسمەکەی کرد.
دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمەکە پێشکەشکردنی شاخەگوڵی ڕێز و وەفا بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بوو.
وێنەی ژمارەیەکی زۆر لە شەهیدانی کوردستان ڕازێنەرەوەی شوێنی ڕێوڕەسمەکە بوو، کە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری خەباتێکی خوێناوییە، کە زۆر بنەماڵە خاوەنی چەند شەهیدی ڕێگای ڕزگاری بوون.