کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەتکرانەوەی دووبارەی داواکاریی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی پەخشان عەزیزی

17:17 - 18 خاکەلێوه 2725

مازیار تاتایی، پارێزەری پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ڕایگەیاندووە کە دادگای باڵای ڕێژیم بۆ جاری دووهەم داواکارییەکەی بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەی ناوبراو ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە ئەو پارێزەرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: "لقی لێکۆڵینەوەی دادگای باڵای ڕێژیم بە بێ ئەوەی داوای دۆسییەی دادگاییکردنەکە بکات، دووهەمین داوای دادگاییكردنی دووبارەی پارێزەرەكانی پەخشان عەزیزیی ڕەت کردەوە و بەرگرییەکانی پارێزەرانی پەخشانیشی بە بێکەڵک و بێ نەما ڕاگەیاندووە. "

پێشتر لە ڕێكەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، یەكەمین داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت كرابوویەوە.

پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" و "ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدان و ٤ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

 ئەم سزای سێدارەیە لە ناوەڕاستی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست كرایەوە.

پەخشان عەزیزی لە ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢دا، لەگەڵ سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تاران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێپرسینەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

هەروەها عەزیز عەزیزی، پڕشنگ عەزیزی و حوسێن عەباسی، باوک و خوشک و زاوای پەخشان هەر یەکیان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تاوانبار بۆ دەربازبوون لە دادگاییکردن سزای یەک ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.