
لە سەروبەندی ٦٣ـەمین حەفتەی هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان"، چالاکانی ئەم هەڵمەتە هەواڵی بەردەوامی و چڕبوونەوەی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێرانیان بڵاو کردەوە و لەبارەی دۆخی نالەباری چەند زیندانییەکی سیاسی هۆشدارییان دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو هەڵمەتە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی نەورۆز و کەمبوونەوەی کاتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، خەریکە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەست پێ دەکات.
تەنیا ڕۆژی دووشەممە، لانیکەم ١٠ زیندانی لە زیندانی قەزڵحەسار بۆ "بەندی ئەمن" گوازرانەوە و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان گواستراونەتەوە.
ڕاگەیەندراوی ئەم حەفتەیە بە ئاماژەدان بە دووبارە ڕەتکردنەوەی داواکاریی "پەخشان عەزیزی" بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەروەها سەپاندنی تۆمەتی "بەغی" بە سەر "کەریم خۆجەستە" لە زیندانی لاکانی ڕەشت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەترسیی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی زیندانیانی سیاسی جارێکی دیکە زیادی کردووە.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتا دانیشتنی ئەم دواییەی خۆیدا، ئەرکی ڕیپۆرتەری تایبەت و دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی درێژ کردەوە و چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەو ڕیپۆرتەرەی لە ڕووداوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ فراوانتر کرد.
هەروەها پارلەمانی ئورووپا لە بڕیارنامەیەکدا شەپۆلی ئەم دواییەی لەسێدارەدانەکانی ئێرانی مەحکووم کردووە و جەختی لە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کردەوە.
سەرەڕای ئەمەش کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ڕەخنەی و گوشاری ناوخۆیی و جیهانی بێباکانە درێژە بە ڕەوتی سەرکوتکردن و لەسێدارەدانەکانی دەدات. و هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان" خوازیاری ئەوە بووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر پەیوەندییەک یان مامەڵەیەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت.
لە ٦٣مین هەفتەی ئەم هەڵمەتەدا، زیندانیانی ٣٨ زیندانی سەرتاسەری وڵات، لەوانە ئێڤین، قزڵ حەسار، تارانی گەورە، لاکان ڕەشت، عادڵ ئاباد شیراز، ورمێ، دیزڵ ئاباد کرماشان، و تەورێز بە مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتی نیشاندان لەم هەڵمەتە بەردەوام بوون.