کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە/ بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ساڵوەگەڕی ژینۆسایدی ڕواندا

21:16 - 19 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤(٧ی ئاوریکی ٢٠٢٥)، ڕێوڕەسمێک بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی قوربانییانی ژینۆسایدی ٧ی ئاوریلی ١٩٩٤ لە ڕواندا، لە شاری بوردۆ و بە بەشداریی باڵیۆزی وڵاتی ڕواندا و سەرۆکی شارەوانی بۆردۆ و ئەنجومەنی شارەوانی و چەندین پارلەمانتار و کەسایەتیی سیاسی و مەدەنی بەڕێوە چوو.

سەرۆکی شارەوانی بۆردۆ، پیێر هورمیک، پەردەی لەسەر تابلۆیەک لادا کە بۆ یادی قوربانییانی ئەو کارەساتە ئامادە کرابوو و باڵیۆزی ڕواندا ئۆرنێلا کازێ، وتارێکی سەبارەت بە قوربانییانی ئەو کارەساتە پێشکەشی ئامادەبووان کرد .

لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا چەندین وتار لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی سەرۆکایەتیی بۆردۆ، جێگری پارێزگار، دیپلۆماتکاران و نوینەرانی ئەنجومەن و حیزبەکان و پزیشکانی بێ سنوور و ڕزگاربووان پێشکەش بە بەشداربووان کرا  .

ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن کۆمەڵەی کاورییەوە بە سەرۆکایەتیی خاتوو ئادێلاید موکانتەبانا ڕێک خرابوو کە خۆی یەکێک لە قوربانیانی ئەو ڕووداوە بووە.

خاتوو شەیدا ویجدانی بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە بە فەرمی لەلایەن ڕێکخراوی کاورییەوە بانگهێشت کرابوو، کە توانیی چاوی بە چەندین کەسایەتیی سیاسی و دیپلۆماتکار بکەوێت و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵ بکات.