کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

13:11 - 11 بانەمەڕ 2725

پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

بۆ ڕێزگرتن لە کار و ماندووبوونەکانی کرێکاران لە دنیادا و هەوڵدان بۆ وەدەست هێنانی زیاتری مافەکانیان، ڕۆژی یەکی مەی وەکوو ڕۆژی جیهانیی کرێکار دیاری کراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ڕۆژەدا وێڕای پیرۆزبایی و ماندوونەبوونی لە کرێکارانی ئێران و کوردستان، هیوادارە و لەو بوارەدا کار بۆ ئەوە دەکا تا کرێکارانی کوردستان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان هەرچی زووتر و زۆرتر بە مافە سینفییەکانی خۆیان بگەن.

بەداخەوە چینی کرێکار وەکوو زۆربەی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران، لە سایەی دەسەڵاتی نابەرپرسانە و نەزانانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە زۆربەی مافەکانی خۆیان بێبەشن و لەو دۆخە خراپە ئابوورییەی ئێران کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە سەر خەڵکی ئێرانیان سەپاندوە لە هەموو چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە خەساری زیاتری ماددی و گیانییان وەبەر دەکەوێ.

هەڵاوسانی ئابووری لە لایەک و ئەو بڕە حەقدەستەی کە ساڵانە لە لایەن وەزارەتی کار و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بۆ کرێکارانی ئێران دیاری دەکرێ هیچ‌کات یەک ناگرنەوە و بەداخەوە زۆرینەی کرێکارانی ئێران و بنەماڵەکانیان لە ژێر هیڵی هەژاریدا ژیان بەڕێ دەکەن.

بەداخەوە لە کوردستان لەچاو شوێنەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەتی ناوچەکانی ناوەندی ئێران دۆخەکە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان زۆر لەوە خراپترە کە ڕۆژانە لە ڕاپۆرت و هەواڵەکاندا گوێمان لێ دەبێ. لە کوردستان بە هۆی نەبوونی کارخانە و کارگەی پێویست، کرێکاران یان ڕوو دەکەنە شارەکانی دیکەی ئێران یان بەناچاری لە ناوچە سنوورییەکان ڕوو دەکەنە کاری پڕمەترسیی وەکوو کۆڵبەری. بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی ناوەندە هەواڵدەرییەکان بڵاوی دەکەنەوە بەداخەوە ساڵانە سەدان کەس لەو کۆڵبەرانە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەدرێنە بەر دەسڕێژ و دەکوژرێن یان بریندار دەبن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو باوڕەدایە هەتا کاتێک ئەم ڕێژیمە لە سەر کار بێ و ئەو هەموو سەروەت و سامانەی وڵات لە جیاتی ئاوەدانی و دروستکردنی کارگە و کارخانە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە ڕێگای سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی خۆی بە فیڕۆ بدا، نەک‌هەر کرێکاران بەڵکوو زۆربەی چین و توێژە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ ژیان و گوزران و  گیانیان لە مەترسی‌دایە و ئاکامی زەحمەت و ماندووبوونەکانی ئەوان دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتبەدەستان و مافیاکانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی ڕۆژی کرێکار، چاوەڕوانیی ئەوەی لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران و کوردستان هەیە کە لە بەرانبەر ئەو زوڵم و زۆرەی دەرحەق بەوان دەکرێ زیاتر لە جاران دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بکەنەوە و حیزبی دێموکراتیش وەکوو یەکێک لە پاڵپشتە هەمیشەییەکەی خۆیان بزانن.

سڵاو لە هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و ئێران.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

١ی مەی ٢٠٢٥ (١١ی بانەمەڕی ١٤٠٤)