
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۰-٥-۲۰۲٥ هەیئەتێکی پارتی پارێزەرانی کوردستان باکوور بە سەرپەرەستی کاک مراد باران بۆسکان وەک بەرپرسی گشتیی پارتی ناوبراو لە ئورووپا و هەڤال برووسک وەک بەشی پێوەندییەکان سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هولەند کرد و لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب کاک حەسەن مەجیدییەوە پێشوازییان لێ کرا.
لەو چاوپێکەوتنەدا بەرێز کاک باران هەلومەرجی کوردستان بە گشتی و باکووری کوردستانی بەتایبەتی هێنایە بەر باس، هەروەها ئاماژەی بەو گرینگییەی کرد کە لە ئەیلوولی ۲۰۲۳ پارتی ئازادی کوردستان و تەڤگەری دێموکراتی کوردستان بوون بە یەک و پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانیان پێک هێنا و وێڕای بەرزنرخاندنی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات هیوای خواست کە پێوەندییەکان زیاتر بن .
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا کاک حەسەن هەلومەرجی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی و پێوەندیی حیزب لەگەڵ ئەحزابی کوردی و ئەوە کە بە بێ دەستێوەردان لە کاروباری بەشەکانی تر ڕێز بۆ یەکتر دانێین کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستاش کە بەشێک لە کوردستان وەک باشوور بە هەندێ لە ویستەکانیان گەیشتوون دەبێ وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بیپارێزین و ئاواتی خواست کە پرۆسەی ئاشتی لە هەموو بەشەکان بەتایبەتی لە باکوور بە ئاکامێکی باش بگات.
لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن پێداگرییان لەسەر هاوکاری لەگەڵ یەکتر کرد.