
زیندانییەکی سیاسی خەڵکی بۆکان بە ناوی هەورام مێهرنەوایی، دوای ئەوەی داواکارییەکەی بۆ بەکارهێنانی مافی یاسایی خۆی بۆ ئازادیی مەرجدار ڕەت کرایەوە، مانی لە خواردن گرت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ ئاژانسی مافی مرۆیی ''چاونیووز'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، هەورام مێهرنەوایی زیندانیی سیاسیی کورد، دوای تێپەڕاندنی ٢٧ مانگ لە زیندانییەکەی، بەپێی یاسا داوای ئازادیی مەرجداری کرد، بەڵام بەهۆی دژایەتیی ناوەندە بەناو دادوەرییەکان و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم، داواکارییەکەی ڕەت کرایەوە، هەروەها ئەو زیندانییە وەک نیشانەی ناڕەزایەتی لە زیندانی بۆکان مانی لە خواردن گرت.
ئەم هاووڵاتییە لە١١ڕەوتی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و دوای تەواوکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هۆرام مێهرنەوایی تەمەن ٢٢ ساڵ، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، لە لایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆکان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" بە ٥٤ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە لە ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢، بۆ تێپەڕاندنی حوکمی زیندانییەکەی بۆ زیندانی بۆکان گوازراوەتەوە و دوای چەند مانگێک لەژێر چاودێری پابەندی ئێلیکترۆنیکیدا ئازاد کراوە و مورەخەسیی پێ دراوە.