کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حەوت بەندکراو کە یەکیان ژن بوو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دران

12:28 - 23 بانەمەڕ 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانیکەم حەوت بەندکراو جێبەجێ کراوە کە بریتی لە بەندکراوێکی ژن، دوو بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی تورکمان بە ناوەکانی مەحبووبە خەسرەونژاد، فیرووز عەلیاری، سەفا قەرەداشی، کوورش جەلیلی، مێهران نەسری‌زەر، مەحموود حوجەتزادە و جەلیل عەزیزی لە بەندیخانەکانی گورگان، ئێسفەهان، کەرەج و ئەراک جێبەجێ کرا. هەروەها حەوتووی ڕابردوو بەندکراوێک بە ناوی پەیمان موختاری لە تەورێز لە سێدارە درابوو.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە مەحبووبە خەسرەونژاد پێنج ساڵ پێش و فیرووز عەلیاری و سەفا قەرەداشی هەردوو چوار ساڵ پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی کوورش جەلیلی تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان و مێهران نەسری‌زەر تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی سنە بەشێوەی نهێنی و بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە سێ ساڵ پێشتر لە دۆسییەی جیاواز بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کرابوون و دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات لە زیندانی ناوەندیی ئێسفەهان، بەندکراوێک بەناوی مەحموود حوجەتزادە تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی توربەت حەیدەریە سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کرا و لە هەمان ڕۆژدا بەندکراوێکی دیکە بەناوی جەلیل عەزیزی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کرا.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەری ڕێژیمەوە بڵاو نەکراوەتەوە.