
وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لە دۆخێکی تەواو نالەبار و گیرۆدەبوون بە چەند نەخۆشی، لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بێبەش کراوە.
بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لەلایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانەوە، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لەلایەن ڕێژیمەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، ماوەیەکە تووشی چەند نەخۆشیی وەک دیسکی مل و تەسکبوونەوەی جۆگەی بڕبڕەکانی پشت بووەتەوە، بەڵام ڕێگەی سەردانی لای پزیشکی پێ نادرێت و لە دۆخێکی تەواو نالەباردایە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان زیادی کردووە کە وریشە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢دا لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمارەوە پشکنینی بۆ کراوە و سەرەڕای داواکاریی پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئەنجامی نەشتەرگەری، بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤێن ڕێگەیان نەداوە کە ناوبراو ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان بکرێت.
بەپێی ئەم هەواڵە وریشە لە چەند مانگی ڕابردوودا نەخۆشییەکەی چڕتر بووەتەوە و تووشی سڕبوون و ئێشی بەردەوام لە دەستی ڕاستیدا بووەتەوە.
هەروەها بەهۆی نەناردنی ئەم بەندکراوە لە کاتی پێویستدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆئەندامی هەرسکردنی، ناوبراو تووشی نەخۆشیی لەم کۆئەندامەشیدا بووەتەوە کە ڕەوتی دەرمانکردنی لەم ڕۆژانەدا دەستی پێ کردووە.
ئەم سەرچاوە پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە کات بەفیڕۆدانی بەئەنقەستی بەندیخانەکان و ناوەندە ئەمنییە پێوەندیدارەکان بۆ ڕەوانەکردنی بەندکراوانی سیاسی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، زۆربەی کاتەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە لێکەوتەگەلی قەرەبوونەکراو بۆ سەر گیان و تەندروستیی ئەم بەندکراوانە دروست بکات.
وریشە مورادی چالاکوانی کورد لە بوارەکانی ژنان و ژینگە، لە ڕێکەوتی ١٠ گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا و بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، ڕەوانە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین کرا.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا دوو جار بانگی لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران کراوە و لەلایەن دادوەر سەڵەواتییەوە تۆمەتی "بەغی"، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕیژیمی ئێرانی دراوەتە پاڵ.