کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی میتینگێک لە کالیفۆڕنیا بە بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات

22:55 - 23 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، میتینگێک لە شاری ئێرڤاین، سەر بە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ئەمریکا لە سەر بابەتی "لە دۆخی ئێستای ئێراندا دەبێت چی بکرێت"، بە بانگێشتی فەرمی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەرەتای میتینگەکە دوکتۆر ئارام حسامی، کارناسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مامۆستای زانکۆی مۆنتگەمێری، لە ڕوانگەیەکی ئاکادێمیکەوە شرۆڤەیەکی لە سەر "پێکهاتەی سیستمە حوکمڕانییەکان لە داهاتووی ئێران"، پێشکەش کرد.

پاشان لە چوارچێوەی پرسیارەکانی دوکتۆر حسامی لە سەر بابەتەکە، ئەردەڵان بێهرووزی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کالیفۆڕنیا، ئاماژەیەکی بە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کارامە و سەرانسەری لە ئێراندا کرد.

بێهرووزی لە وڵامی پرسیارەکانی دوکتۆر حسامیدا وتی: "لە پاش ٤٥ ساڵ، هێشتا ئۆپۆزیسیۆنێکی کارامە و سەرانسەری لە ئێراندا بوونی نییە کە بتوانێت مەنشوورێکی گشتگیر دابڕێژێت کە هەموو لایەنە ئیتنیکییەکانی چوارچێوەی ئێران بگرێتە بەر و فرەچەشنییەکانی ئەم جوگرافیایە بەفەرمی بناسێت".

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا، بە ئاماژەدان بە سەردەمی پاش ڕێژیمی ئیسلامی زیادی کرد، لە دوای نەمانی ئەم ڕیژیمە تەنیا لە دۆخێکدا نەتەوەکان وکەمینەکانی دیکە خۆیان بە هاووڵاتییەکی ئێرانی دەزانن، کە لە دەسەڵاتدا هاوشێوەی ناوچەکانی ناوەندی ئێران بەشدار بن و دان بە زمان و کولتووری جیاوازیاندا بنرێت.

بێهرووزی پشتڕاستیشی کردەوە کە ئەگەر بە پێچەوانەی ئەم پێکهاتەیە بێت، دیسان نادادپەروەری جێگیر دەبێت و لە ئاکامیشدا خەڵکی ئێران بۆ جارێکی دیکە بە شێوازگەلی جۆراوجۆر بە دژی ئەم نادادپەروەرییە دەوەستنەوە.