
خوێندکارانی کورد پێویستە بە دژی عەقڵییەتی ناوەندگەرای دوژمنانی کورد لە ئێران بوەستنەوە
(پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد)
خوێندکارانی ئازادیخوازی کورد!
قوتابییان، مامۆستایان و خوێندەڤانانی دەروەستی کوردستان!
ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ، بەبیرهێنەوەی خەبات و خۆنەویستیی ڕۆڵە ئازا و بەجەرگەکانی نەتەوەی کوردە کە سەنگەری شوناسخوازی و مافخوازییان لە زانکۆوە بۆ چیا و شاخ گوازتەوە.
٥٧ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێكدا کە لە ڕۆژژمێری بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان بە ڕۆژی "خوێندکاری کورد" ناودێر کراوە، سمایل شەریفزادە، یەکێک لە بەئەمەگترین ڕۆڵەکانی کورد و پۆلێک لە هاوڕێیانی لەپێناو ئازادی، دادپەورەری و مافە نەتەوایەتییەکانیاندا گیانی خۆیان بەخت کرد. ئەگەرچی مێژووی ئەم خەباتە پڕ لە هەراز و نشێوە پڕە لە قارەمانەتی و گیانفیدایی بەڵام ئەوەی کە ئەم قۆناغەی مێژوومان لەگەڵ لە قۆناغەکانی دیکە تا ڕادەیەک جیاوازتر دەردەخات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشەنگی ئەم بزاڤە لاوێکی خوێندکار بوو کە بە خۆخستنە نێو مەترسی و هەڕەشەی دوژمنەوە مەشغەڵی خەباتی شوناسخوازیی کوردی گرتە دەست و بە گیانبازیی خۆی و هاوڕێیانی گۆمی مەندی سیستەمی پاشایەتی شڵەژاند کە ئیددعای دەکرد ژاندارمی ناوچەکەیە و هیچ دەنگێکی ناڕەزایەتی لەژێر سێبەری دەسەڵات و حاکمییەتی ئەودا بەرز ناکرێتەوە.
ڕووناکبیران و ئەویندارانی قەڵەم و زانست!
وەک دەزانن خەباتی کورد، خەباتێکی فرەڕەهەندە کە لەسەر هەقیقەتێکی حاشالێنەکراو بنیات نراوە، کەچی ئەم هەقیقەتە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە بەردەوام حاشای لێ دەکرێ و بە ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی مەحکوومکردنی دەدرێ. نەیارانی ناوەندگەرای کورد لە بانگەشەکانیاندا ئەم خەباتە ڕەوایەیان بەدوور لە شارستانییەت و عەقڵانییەت پێناسە کردوە کە گوایە خەباتی کورد تەنیا ڕەهەندی چەکداری هەیە و ئەم ڕەهەندەش هیچ لێکدانەوەیەکی سەردەمیانە و لۆژیکی لە پشت نەبووە و نیە. بەڵام هەبوونی توێژی خوێندکاران و قەڵەمبەدەستان لە ڕیزەکانی خەبات، بەتایبەت لە ڕیزی حیزبی دێموکراتدا سەلمێنەری ئەوەیە کە خەباتی کورد هەڵگری ناونیشانێکی مرۆڤتەوەرانەیە و جیا لە بنەما بەهێز و پتەوەکەی خوێندنەوەی ئاکادمیک و زانستییانەشی لە پشتە و درەوشانەوەی ناوی کەسایەتییە ئاکادیمییەکانی وەکوو شەهید سمایل شەریفزادە، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی لە ئاستی شەهیدانی ڕێبەر و دەیان و سەدان شەهیدی خوێندکاری دیکە بەرسڤی ئەم ناڕاستییەی دوژمن دەدەنەوە و دەسەلمێنن کە خەباتی کورد لە جێگا و شوێنی دروست و ڕاستەقینەی خۆیغدایە و هەتا وەدیهاتنی ئامانجە و ویستە ڕەواکانی کورد بەردەوامە.
بەشداریی بەردەوامی خوێندکارانی کورد لە خەباتی نەتەوەیی ـــ دێموکراتیکی کورد، بووەتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ هێمای عەقڵانییەت و ڕەسەنبوونی ئەم خەباتە و ئەم تایبەتمەندییە وای کردوە کە هەنووکە و بەتایبەت لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا سەنگەری زانکۆ و زانستگەکانی کوردستان لە پێشتر ئاوەدانتر و بەهەستتر بەرەوڕووی دوژمن و سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و قەڵاچۆکردنی کورد ببنەوە و وەک هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوە ئەو ڕاستییە بە گوێی دوژمندا بچرپێنن کە کورد زیندووە و نامرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم ڕۆژە و ناردنی سڵاو بۆ یادی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە سەرووی هەمووان شەهید سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی، داوا لە سەرجەم خوێندکارانی کورد دەکا وەکوو هەمیشە بە دژی عەقڵییەتی ناوەندگەرای دوژمنانی کورد لە ئێران بوەستنەوە و بە وریایی و وشیاریی خۆیان ڕێگا بە جیبەجێکردنی پیلانەکانی ئەم عەقڵیەتە دواکەوتوو نەدەن. هەروەها بە یەکگرتوویی و کاری هاوبەش لەگەڵ خوێندکارانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران تا گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی دریژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن.
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی ــــ دێموکراتیکی کورد!
بڕووخێت سیستەمی ستەم و بێدادی و ناوەندگەرایی!
دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی