
خۆشبژێوی خراپە!
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەفەری دۆناڵد ترامپ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردایەتی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچە، کە تێیدا جیا لە دیدار و چاوپێکەوتنی سیاسی، کۆمەڵیک هەواڵ و ڕاپۆرتیش سەبارەت بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئابووری بڵاو کرایەوە، بوونە مانشێتی بەشێکی بەرچاو لە هەواڵدەرییە جیهانییەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز دەوڵەتی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە بڕی 600 میلیارد دۆلار لە ئامریکادا دەخاتە بواری بەرهەمهێنان و ئامریکاش داوای کردووە کە ئەم ڕێژەیە بۆ 1000 میلیارد دۆلار بەرز بکرێتەوە؛ هەروەها قەتەر 1400 میلیارد دۆلاری بۆ ئەم کەرتە تەرخان کردووە. ئەمە جیا لەوەیکە سەدان و بگرە هەزاران کۆمپانیای گەورە و بچووکی ئامریکایی ڕێگەیان بۆ خۆش کراوە تاکوو لە خاکی وڵاتانی عەرەبیدا سەرمایەدانان بکەن کە ڕوونە ئەم هەنگاوانە دواتر لە سیکلێکی یاسایی و بازرگانیدا دەبنە هۆکارێکی جیددی بۆ زیاتر گەشەسەندنی لایەنی ئابووریی وڵاتان.
ئەوەیکە ئامانجی ئەم وتارەیە لەڕاستیدا وەردانەوەی لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی ئەم ڕێککەوتنە ئابوورییانە نییە بەڵکوو بیانوویەکە بۆ خستنەڕووی کەتوار و ڕاستییەکی تاڵ؛ ئەو ڕاستییەی کە ساڵانێکە ئازادیخوازانی ئێران هەوڵی بۆ دەدەن و ئەویش بریتییە لەوەیکە ئێران دەیتوانی زۆر زیاتر لە دراوسێکانی هەلە لەبارەکان بۆ گەشەسەندنی ئابووری و لە ئەنجامیشدا بردنەسەری ئاستی خۆشبژێوی خەڵکانی نیشتەجێ لەم وڵاتە خۆش بکات بەڵام نەکرا و نەیکرد؛ بەڵام بۆچی؟
وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەوانەش عەرەبستان، ئیمارات و قەتەر بە کەڵکوەرگرتنی دروست لە سەرچاوەکانی نەوت و گازی خۆیان توانیان هەم ئاستی خۆشبژێوی گشتی لە کۆمەڵگاکانی خۆیاندا ببەنە سەرێ، هەم ڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لای خەڵکانی خۆیان ساز بکەن، هەم گەشە بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بدەن و هەمیش پێگەی ئابووری خۆیان نەک لە ئاستی ناوچەیی بەڵکوو لە ئاستی جیهانیشدا بەرز بکەنەوە؛ بەچەشنێک کە ئەمڕۆ ئێمە دەبینین کە بۆ نموونە داهاتی سەرانەی خەڵکی عەرەبستان زیاتر لە 32 هەزار دۆلارە لەحاڵێکدا داهاتی سەرانەی ئێران کەمتر لە 2 هەزار دۆلارە!
ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەگەر ئێمە دەبینین وڵاتانی دراوسێی ئێران سەرقاڵی گەشەدان بە ژێرخانە ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەکانیانن و خەڵکەکەیان لە خۆشبژێویدا ژیان دەکەن خەڵکی نیشتەجێ لە جوغڕافیای ئێران لەگەڵ کێشەی نەبوون و کەمبوونی ئاو، بەرق، سووتەمەنی، هەژاری، بێکاری و هەزار و یەک دەرد و ژانی دیکە بەرەوڕوون کە ئەمە تەنیا هێما و ئاماژەیەک نییە بۆ ناکارامەییەکی سادە لە کەرتی بەڕێوەبەری بەڵکوو دەرخەری ئەو کەتوارەیە کە بەڕێوەبەریی کەڵان لە ئێراندا بۆی گرینگ نییە کە بارودۆخی ژیان لەو وڵاتە چۆنە و ئەوەیکە بەلایەوە ئەساس و گرینگە لەڕاستیدا پەرەدان بە دەسەڵاتە ڕەها و تۆتالیتێرەکەی خۆیەتی؛ ئەویش لەڕێگەی سازکردنی کارگە و کارخانەی شەڕفرۆشی و ئاژاوەگێڕی؛ سازکردنی کارخانەی مووشەکی بالستیک و دوورهاوێژ، دامەزراوەی ناوکی بۆ سازکردنی بۆمبی ئەتۆم، کارخانەی سازکردنی دڕۆن بۆ شەڕ، دامەزران، تەیارکردن و دانی تێچووی ڕۆژانەی دەیان گرووپی میلیشیایی وەک حیزبوڵا و حەماس و حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی و فاتمیوون بەشێکن لەو نموونانە کە بە داهاتی گشتیی وڵات و لەسەر حیسابی سکی برسی و پێی پەتی و مێشکی ئاڵۆزی خەڵکی ئێران ئەنجام دراون.
لەدوای ڕووخانی نیزامی ئەسەد و هەڵاتنی بەشار بۆ ڕووسیە، هەندێ داتا و زانیاری درکان کە دەریدەخات کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 100 میلیارد دۆلار پارەی تەنیا بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی لە سووریە خەرج کردووە؛ ساڵانە زیاتر لە یەک میلیارد دۆلاری داوەتە حیزبوڵای لوبنان و سەدان میلیاردی دیکەشی بۆ گرووپەکانی دیکە سەرف کردووە. لێرەدا بە فیدبەکێک بۆ قسەکانی حەسەن نەسروڵا لە پاش تێکشکانیان لە زاحیەی بەیرووت لە ساڵی 2006 نیشانی دەدەین کە کۆماری ئیسلامی چ خەیانەتێکی دەرحەق بە خەڵکی ئێران کردووە؛ لەو کاتەدا نەسروڵا پاش هەڕەشەی بەردەوام لە ئیسراییل ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بۆ نۆژەن و ئاوەدانکردنەوەی دووبارەی زاحیە سەدان میلیۆن دۆلاری بۆ ناردوون و ئەم یارمەتییانە بەردەوام دەبن!
بەکورتی و لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێێن سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەمووان عەلی خامنەیی، نە ئەوەیکە نەزانن یان نەتوانن پلان و ماستەرپلانیان هەبێ بۆ گەشەپێدانی وڵات بەڵکوو ئامانجیان لەڕاستیدا سازکردنی ئەو وڵاتەیە کە ئێستە دەبینرێ؛ بە دیوێکی تریدا ئامانجیان بەهەژاری و داماوی هێشتنەوەی خەڵکە چونکە دەزانن کە خەڵک لە خۆشبژێویدا دەتوانن بیر بکەنەوە، دەتوانن ڕەخنە بگرن، دەتوانن داوای مافەکانیان بکەن بەڵام لە غەیری ئەوە خەڵک ناچارن بەردەوام بیر لە تێرکردنی سکیان و سەرپەنایەک بۆ حەوانەوەیان بن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش ئاماژە بە قسەیەکی "مەسعوود ڕەوغەنی زەنجانی" سەرۆکی پێشووی دەزگای بەرنامە و بودجەی ڕێژیم دەکەین کە دەڵێ: "خامنەیی بە بەرپرسانی حکومەتی وتووە: ئەوەندە بەدوای خۆشبژێوی خەڵکەوە مەبن! خۆشبژێوی دەبێتە هۆی بێدینبوونی خەڵک."
کەواتە بەم تێڕوانینەوە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە کۆماری ئیسلامی بیهەوێ گەشە و خۆشبژێوی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئێراندا جێگیر بێت بەڵکوو ئەوەیکە ئەو دەیهەوێ ڕێکاوڕێک ئەم بارودۆخەیە کە ئەمڕۆ بەسەر ئێراندا زاڵە و بگرە خراپتر لەویش چونکە دەیهەوێ بەو شێوازە ئیمامی مەهدی خۆی نیشان بدات!