کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەگەڵ فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان

11:24 - 28 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤ ( ١٧ی مانگی مەی ٢٠٢٥ی زایینی) لە "کۆپێنهاگ"ـی پێتەختی وڵاتی دانمارک و لەسەر پێشنیاری ساڵانەی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتی دانمارک کۆبوونەوەیەک بۆ نوێنەرایەتیی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پێک هات.

بۆ ئەم مەبەستە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک پێکهاتوو لە "ئەحمەد ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزب لەم وڵاتە بە هاوڕێیەتی کاک "مەسعود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شیلەند بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.

سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیە کاک "عەدنان ئاغاجان" بەرپرسی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتی دانمارک بەخێرهاتنی بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەی کرد و ئاوڕێکی لەسەر کارەکانی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەم ساڵەدا دایەوە.

ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە هەیئەتی حیزب لەم کۆبوونەوەیەدا سەرنج و تێبینیی خۆیان هێنایە ئارا و هەروەها لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە و پرسە پێوەندیدارەکانی هەنووکەیی هەڵویستی ڕوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان هێنایە بەر باس.

هەروەها لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە کوردانی تاراوگەنشین لەم وڵاتەدا، هەروەها ئەو بابەتانەی پێوەندیی بە کاری کولتوری و زمان و پەروەردەی جیل و نەوەی نوێ هەیە، پێشنیاری خۆیان خستە ڕوو و گرینگی ئەم بابەتەیان بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە باس کرد.