
ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، شەریفزادە پارێزەری ماشاڵڵا کەرەمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: بە سەرنجدان بەوەی کە ماشەڵڵا کەرەمی زیاتر لە نیوەی سزا سەپێندراوەکەی تێپەڕاندووە، مافی کەڵکوەرگرتن لە ئازادیی مەرجداری هەیە و داواکارییەکەی ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەریی ڕێژیم کراوە.
ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی شەهید کۆمار کەرەمی، ناڕازیی لەسێدارەدراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی نەزەرئابادی کەرەجەوە بە تۆمەتەکانی "دەستخستنی سامان بەشێوەی ناڕەوا" و "بەشداری لە سپیکردنەوەی پارە" سەرجەم بە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران و پێبژاردنی یەک میلیارد و ٩٢٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و دەستداگرتن بەسەر سامانەکەیدا، سزا درابوو.
هەروەها لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە کەرەج بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیمی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درابوو.
بەڵام پارێزەری ماشاڵڵا کەرەمی، ڕایگەیاند کە پێشتر بە کۆکردنەوەی ئەو سزایانەی کە لە دوو دۆسیەی ناوبراودا هەیە، کۆی سزای زیندانیکردنەکەی بۆ سێ ساڵ و حەوت مانگ کەم کراوەتەوە، و ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نیوەی سزای زیندانییەکەی تێپەڕاندووە، مافی وەرگرتنی ئازادی مەرجداری هەیە.
ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی شەهید کۆمار کەرەمی، لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هەموو کەلوپەلە ئیلکترۆنییەکانی لێ ئەستێندران و کارتی بانکیی بنەماڵەکەشیان بلۆک کرا.
شەهید کۆمار کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١دا دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فیالارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم کرا و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.