
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٤( ١٥ی مەی ٢٠٢٥) کۆبوونەوەی شۆرای یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە، لە "پریشتینا "ی پێتەختی وڵاتی کۆزۆڤۆ دەستی بە کارەکانی کرد.
هەر لە پێشەکیی کارەکانی شۆرادا کۆبوونەوەی کۆمیتەی مەدیتەرانەی لاونای ئینتێرناسیۆناڵ بە پێشکەشکردن و کۆبەندی ڕاپۆرتی تایبەت بە ئێران و وڵاتانی دیکەی ئەندام لەم کۆمیتەیە بەڕێوە چوو و هەرکام لە بەشداربووان ڕاپۆرتی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی لاوان هێنایە بەر باس.
کۆبوونەوەی شۆرای لاوانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی ئاڵبین کورتی سەرۆکوەزیرانی وڵاتی کۆزۆڤۆ و جۆرج پاپاندریئا سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست (ئێس ئای) دەستی بە کار کرد.
لە میانەی ئەم کۆبوونەوەیەدا سێ نوێنەر هەر کام لە وڵاتانی ئاڵمان، سوید و پورتوگاڵ بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی شۆرا لە کۆمیتەی ئورووپای ڕێکخراودا وەکوو جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران، پاشان بڕیار درا کە دەستەی سەرۆکایەتی بە هاوکاریی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ڕێکخراو ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی داهاتووی ئەم ڕێکخراوەیە بکا.
لە میانەی کۆبوونەوەی شۆرای یەکیەتیی لاوانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا نوێنەری یەکیەتیی لاوان چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ئورووپا هەبوو و جەختی لەسەر هاوکاریی زیاتری ڕێکخراوەیی و هەروەها پشتیوانی لاوانی ئەم وڵاتانە بۆ مەسەلەی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.
شایانی باسە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێنج بڕیارنامەی تایبەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداربووی شۆرای باڵای لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست بوو.