کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستۆکهۆڵم/ بەشداریی ئەندامانی حیزب لە ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران

10:55 - 13 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ی کوردی، (١ی مەی ٢٠٢٥ی زاینی)، بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی كرێكار، پارتی سۆسیال دێموكراتەكانی سوید بە هاوبەشیی ڕێكخراوی ئێڵ ئوو- یەكیەتیی سەندیكا كرێكارییەکان- لە شاری ستۆكهۆڵم ڕێپێوانێكی بەرینییان وەڕێ خست، كە وێڕای ڕێكخراوەكانی سەر بەو پارتە، ڕێكخراو و لایەنە سیاسی و ئێتنیكییەكانی وڵاتانی دیكەش لەو ڕێپێوانەدا بەشدارییان كرد.

ژمارەیەک لە ئەندامانی كۆمیتەی شاری ستۆكهۆڵمی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان و ئارمی حیزب و وێنەی ڕێبەرانی شەهیدی دەستی ڕێژیمی تێرۆریستیی كۆماری ئیسلامی ئێران، چالاكانە لەو ڕێپێوانەدا بەشدار بوون.

لە كۆتا وێستگەی ڕێپێوانەكەدا، چەند وتار و بڕگەی هونەری تایبەت بە ڕۆژی كرێكاران پێشكەش كران كە تێكڕا پێداگرییان لەسەر دابینبوونی ئاشتی و گەڕانەوەی سەقامگیریی ئاسایشی جیهانی و باشتركردنی دۆخی كار و هەلومەرجی كارکردن و خۆشبژێوی كۆمەڵگە دەكردەوە.

كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە شاری ستۆكهۆڵم بروشورێکیان بە زمانی ئینگلیزی تایبەت بە ئاماری پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ساڵی ڕابردوودا، لەنێو بەشداراندا بڵاو كردەوە كە ئاماژەی بە سیاسەتی سەركوت و تۆقاندن لە ڕێگەی لەسێدارەدان و زیندانیكردن و بەرتەسككردنەوەی ئازادییە تاكەكەسییەكان دابوو. هاوكات سیاسەتە چەوتەكانی ڕێژیمی ئێرانیان دژ بە نەتەوە جیاوازەكان بە گشتی و خەڵكی كوردستان بە تایبەتی ڕیسوا كرد و دروشمی ڕووخانی ئەو ڕێژیمەشیان وتەوە.