کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگوێزرانی دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بۆ بەندیخانەی ئیلام

12:22 - 30 بانەمەڕ 2725

عەزیم یادگاری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دێهلۆڕان و یەکێک لە گیراوانی ڕاپەڕینی ''ژن، ژیان، ئازادی''، بۆ تێپەڕاندنی حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی لە تاران دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرا.

ئاژانسی مافی مرۆیی ''کوردپا'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤؛ عەزیم یادگاری کە دوای دەسبەسەرکردنی لە تارانەوە  بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە، پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئیلامەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی، کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆ و دەرەوە، و نیشاندانی هێز بە چەک" بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١؛ عەزیم یادگاری و سەفوورا مەلەکی هاوسەری بەبێ بڕیاری دادگا لە شاری دێهلۆڕان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢، عەزیم یادگاری لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی دێهلۆڕان، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر نادیاربوونی چارەنووسیان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکانیان و بارودۆخی نامرۆڤانەی دەسبەسەرکردن، لە زیندانی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرت.

خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢دا خەڵکی دێهلۆڕان لە بەردەم فەرمانداری گردبوونەوەیەکی هێمنانەیان ئەنجام دا و خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی بوون.

٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢؛ عەزیم یادگاری لەگەڵ حەوت هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "حوسێن ئاشووری"، "فەرشاد ئایینی"، "سەعدوڵڵا ئایینی"، محەممەدحوسێن حاسڵی، "وەحید چاوران"، "ناسر ڕەزایی" و "بەختیار محەممەدزادە" بانگی دادگای تاوانەکانی ئیلام کراون و بە "تێکدانی نەزمی گشتی، کۆبوونەوە و هاوکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانێک دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەوە و نیشاندانی هێز بە چەک'' تاوانبار کرا.