کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: خەباتی چەکداری حیزبی دێموکرات دەرەنجامی بێ‌باوەڕیی کۆماری ئیسلامی بە چارەسەری سیاسیی پرسی کورد بوو

09:13 - 1 جۆزەردان 2725

خالید عەزیزی: خەباتی چەکداری حیزبی دێموکرات دەرەنجامی بێ‌باوەڕیی کۆماری ئیسلامی بە چارەسەری سیاسیی پرسی کورد بوو

 

ئاماژە: ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ لە بەرنامەی "صفحە ٢"ی بی بی سیی فارسیدا خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ دوکتور کامران مەتین و مێهرداد فەرەهمەند، پرسی کۆنگرەی ١٢ی پ ک ک و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوکێشەکانی ناوچەیان تاوتوێ کرد. ڕۆژنامەی "کوردستان" پوختەیەک لە وەڵام و بۆچوونەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستووەتەوە.

 

خۆهەڵوەشاندوەی pkk  و ڕوانگەی حیزبی دێموکرات

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە لە ڕێگای وتووێژ و ئاشتییانە دەبێ بە ئاقارێکدا بشکێتەوە کە دوو نەتەوەی کورد و تورک لە تورکیە قۆناغەکانی شەڕ و توندوتیژی بەجێ بێڵن و حیزبی دێموکرات پێشوازی لە چارەسەری ئاشتییانە و دێموکراتیکی پرسی کورد لەو وڵاتە دەکات. ئەوەندەش کە بۆ وردەکارییەکانی ئەم ڕەوتە و جێکەوتنی لە تورکیەدا دەگەڕێتەوە، ئەم دۆخە نوێیە دەبێ لەلایەن خودی پ ک ک، خەڵکی کورد لە تورکیەوە هەڵسەنگێندرێ.

هۆکاری پێشوازیی حیزبی دێموکرات

هۆکارەکەی ئەوەیە لە تورکیە کراوەیی سیاسیی ڕێژەیی، کێبرکێی نێوان حیزبەکان و نیمچە دێموکراسییەک هەیە و هەر لەجێدا ئێستا پرسی کورد لە پاڕلمانی ئەو وڵاتە لە ئارادایە و حیزبە سیاسییە غەیرەکوردەکانی ئەو وڵاتەش هۆگریی خۆیان بۆ چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کورد پێشان داوە. بۆیە ئێستا لە پێتەختی تورکیە و لە پاڕلمانی ئەم وڵاتە ئەم بابەتە ڕۆژەڤێکی سیاسییە، بەڵام لە ئێران و تاران شتی وا نابینین. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا وەها کەشێکی کراوە بۆ هاتنەگۆڕێی ئەو باسانە، واتە چارەسەری پرسی کورد لە ئێران ئەویش لە ئاستی مەجلیس و کۆڕوکۆبوونەوە سیاسییەکانی پێتەخت لەلایەن ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکانەوە لەئارادا نیە.

دەمەوێ بڵێم پێچەوانەی تورکیە، ئەو نەفەسە سیاسییە لە ئێران نابیندرێ کە لە سۆنگەی داننان بە پرسی نەتەوەیی و سیاسیی کورد و ڕاستەقینەکانی فرەپێکهاتەیی ئێراندا بیر لە چارەسەری ئەو پرسەش بکرێتەوە، دۆخێک کە ئێستا لە تورکیە لە ئارادایە.

ئەگەری هاتنەبەرباسی پرسی کورد لە ئێران

ئەو ئەگەرە بەشێکە لە دەرەنجامەکانی خەباتی گەلانی ئێران لەو وڵاتەدا. ڕاستییەکەی ئەوەیە گەلی کورد لەپێناو دێموکراسی و داننانی حکوومەتی ناوەندی بە ماف و داخوازییەکانی ئەم گەلە تێچووی ئێجگار زۆری داوە و گەلێک کارەساتی بەسەر هاتوە. ئێمە هیوادارین لە ئێران و لەنێو غەیرە کوردەکان و بە ڕوونی لە تارانی پێتەخت و لەنێو رەوت و لایەنە سیاسییە غەیرە کوردەکان لە پێتەخت ئەو باسانە لە ئاستێکی بەربڵاودا بێنە گۆڕێ.

ئێمە ئێستا دەبینین لە عێڕاق یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتە دانی بە مافەکانی کوردەکان داناوە و کوردەکان حاکمییەت و سەروەریی سیاسیی خۆیان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە پێک‌هێناوە. لە سووریەش رەوتێک دەستی پێ کردوە کە هیوابەخشە و دەخوازین بەو ئاقارەدا بڕوا کە بە داننان بە پرسی کورد و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە سوورییەیەکی دێموکراتیکدا کۆتایی بە دەیان ساڵ شەڕی نێوخۆیی و ناسەقامگیرییەکانی ئەو وڵاتە بێت. لە تورکیەش دەبینین کە پێویستیی چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژەڤە سیاسییە هەرە گرینگەکانی ئەم وڵاتەیە و تەنیا ئێران و کۆماری ئیسلامییە کە بە حاشاکردن لە پرسی کورد و ماف و داخوازە سیاسی و دێموکراتیکەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئەم وڵاتە لەسەر سیاسەتی هەڵاواردن و ناوەندگەرێتی پێداگرە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتاوە هەتا ئێستا کوردستانی کردوەتە زۆنێکی ئەمنییەتی، بەڵام مێژووی خەباتی کوردەکان سەلماندوویەتی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە سیاسەتەکانی لە کوردستان جێ بخا و ئیرادەی خۆی بە سەر خەڵکی کورد دا بسەپێنێ و لە داهاتووشدا ئەمەی هەر بۆ ناکرێ.

ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خەباتی چریکی و پێشمەرگانە

هەموو کاتێک کوردەکان خوازیاری بەدیهاتنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان بە ڕێگەی ناتوندوتیژ و چارەسەری ئاشتییانە و دێموکراتیک بوون. خۆ ئەگەر لە پێتەختی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە دابینبوون و دەستەبەری ئەو ماف و داخوازییانە لە ڕێگەی دێموکراسی و وتووێژ و یاسایەکی دێموکراتیکەوە بلوێ، کوردەکان هیچ هۆگرییەکیان بە خەباتی چەکداری نیە.

لە کوردستانی ئێرانیش خەبات و بەرگریی پێشمەرگانە دەرەنجامی هەرەسهێنانی دانوستانەکان و وتووێژی هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد لەگەڵ دەوڵەتی کاتیی کۆماری ئیسلامی و دواتر هێرش و پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان بوو. بە واتایەکی دیکە کوردەکان تەنیا بەرگرییان لە خۆیان و خاکەکەیان کرد و تەنانەت دواتریش کوردەکان بەردەوام ڕێکاری ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژییان گرتەبەر، بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە بایەخی بەو هەوڵانە نەدا. کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش سیاسەتەکانی خۆی لەسەر دوو تەوەری ئەمنییەتیکردنی کوردستان و دەستدرێژی بۆ سەر ماف و نیشتمانی کوردەکان بردووەتە پێشێ و هەر لەجێدا دەرفەتی بە گەشەکردن و خوڵقاندنی کەشی کراوەی سیاسی نەداوە. کەوابوو خەباتی چەکداری و پێشمەرگانە دیاردە و ڕوانگەیەک نیە کوردەکان بە حەزی خۆیان گرتبێتیانە بەر و ئەم دۆخە لە لایەن حکوومەتی تارانەوە بە سەریاندا سەپاوە و کوردەکانیش لەڕووی ناچاری و لەپێناو بەرگری لە ماف و ئازادییەکانیان خۆیان تێدا دیتۆتەوە.

ئێمە هیوادارین کە ڕەوتی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لانیکەم لە ئێرانیشدا بەو ئاقارەدا بچێتە پێشێ کە دێموکراسی و پێویستیی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دابینبوونی مافی هەموو نەتەوەکانی ئێران لە وڵاتێکی دێموکراتیکدا بنەمای هاوبەشی هەموو پێکهاتەکانی ئەو چوارچێوە جوگرافییە بێت