
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٢ی مەی ٢٠٢٥) لەسەر داوای بەشی پێوەندییە نۆروێژییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بەرپرسی ئەو بەشە خاتوو گەلاوێژ محەممەدی، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ مانی حوسینی ئەندام پارلەمانی سەر بە "پارتی کرێکاران" (ئاربایدر پارتی) کۆ بووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە باسیان لەسەر کرا:
ڕەوشی زیندانییانی سیاسی لە ئێران و چۆنیەتیی مامەڵەكردنی كاربەدەستانی ڕێژیم لەگەڵ بەندکراوەکان، سزا ناڕەواکانی سێدارە کە بەبێ گوێدانە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە جێبەجێ دەکرێن، دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی دەوروبەر، وتووێژەكانی ئێران و ئامریکا لەسەر پرۆژەی ناوکی ڕێژیم کە بە نهێنی و دوور لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەرەی پێ داوە، هەڵبژاردنەكانی پاییزی ئەمساڵی پەرلەمانی نۆروێژ و هەوڵدان بۆ بەشدارکردنی کۆمەڵگەی کوردی لەو هەڵبژاردنانەدا، بەمەبەستی کاریگەریدانان و ڕۆڵگێڕانی زیاتر لە کۆمەڵگەی ڕامیاری و بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتە کە دەتوانێت لە ئاکامدا قازانجی زۆریش بە پرسی کورد بگەیەنێت.