کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزب لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سویس

11:36 - 4 جۆزەردان 2725

ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٢٤ی مەی ٢٠٢٥)، لە پێتەختی سویس لە شاری بێڕن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە هێژا مەنگوڕ بەرپرسی پێوەندیە دەرەکییەکان، شەهێن مودەڕسی ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە سویس، هێدی نێمانی و عەلی مۆرادی ئەندامانی حیزب لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حزبی سۆسیال دێموکرات بەشداری کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حیزبە بوو.

باسەکانی کۆنفراسەکە چەندین تەوەری جیا جیای لەخۆ گرتبوو  کە بریتی بوون لە: کێشەی پەنابەران لە سویس، تێکەڵاویی کلتووری و فەرهەنگیی خەڵکی پەناخواز لەگەڵ کۆمەڵگەی سویس و هەروەها باس لە مافی مرۆڤ لە گۆشە و کەناری جیهان کە مەسەلەی کوردیش یەکێک لەو باسانە بوو.

سەرەتا باس لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێران کرا و گرینگیی ڕۆڵی ژنانی کورد لە سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشەدا بەرز نرخێندرا.

دوو پارلەمانتاری حیزبی سۆسیال دێموکرات بەڕێزان سینەم گۆچەک و فابیان مۆلینا باسەکەیان پێشکەش کرد و لە بەشێکی وتەکانیاندا هێندێک لایەنی کێشەی کوردیان بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

لە تەوەرێکی تری باسەکەدا باسی پرۆسەی ئاشتی دەوڵەتی تورکیە و پارتی کرێکارانی کوردستان و ئێدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستانیان کرد و ئامادەبوونی حیزبی سوسیال دێموکراتیان بۆ یارمەتیدان لە ڕاستای بەسەرەنجامگەیاندنی ئەو پرۆسە راگەیاند.